سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئیدانەی بۆردومانکردنی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و لە پەیامێکدا دەڵێت، داوای پێویستیی رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و رەتکردنەوەی هەموو جۆرە دەستدرێژییەک دەکەین کە هێزە ئەمنییەکان دەکاتە ئامانج.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ـی ئازاری ٢٠٢٦، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بە توندترین شێوە سەرکۆنە و ئیدانەی ئەو بۆردومانە دەکات کە هێزەکانی پێشمەرگەی لە سنووری ناوچەی سۆران کردە ئامانج، کە بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک تێکۆشەر و برینداربوونی چەندانی دیکە.
ئاماژە
بەوەشکراوە، وێڕای ئاراستەکردنی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵمان بۆ بنەماڵەی شەهیدانی
سەربەرز، بە شکۆوە یادی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەینەوە کە گیانی خۆیان
لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریدا بەخت کرد، هەروەها هیوای چاکبوونەوەی خێرا
بۆ بریندارەکان دەخوازین.
هاوکات سەرۆکایەتی
کۆمار جەخت دەکاتەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە هەمیشە کۆڵەکەیەکی سەرەکی بوون لە سیستمی
بەرگریی نیشتمانیدا و بەشداریکی کاریگەریان هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی
ئاسایش و سەقامگیری.
لەکاتێکدا داوای
پێویستیی رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە دەستدرێژییەک دەکەین
کە هێزە ئەمنییەکان دەکاتە ئامانج، جەختیش دەکەینەوە سەر گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگی
و هاوکاری نێوان هەموو هێزە نیشتمانییەکان، بەو شێوەیەی کە ئاسایشی وڵات بپارێزێت
و خوێنی ڕۆڵەکانی بپارێزێت.