ئاژانسی هەواڵی تەسنیم رایگەیاند، محەممەد باقر زولقەدر، وەکو سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەستنیشانکرا.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ـی ئازاری ٢٠٢٦، مەهدی تەباتەبایی، یاریدەدەری پەیوەندییە گشتییەکانی سەرۆک کۆماری ئێران ئاشکرای کرد، "محەممەد باقر زوڵقەدر" وەک سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەستنیشانکرا.
محەمەد باقر
زولقەدر، لەدایکبووی ١٩٥٥، فەرماندەی خانەنشینکراوی سەربازی ئێرانە لە سوپای
پاسداران، ئێستا وەک سکرتێری ئەنجوومەنی بەرژەوەندییەکانی ئێران کاردەکات و هەروەها
ئەندامی هەمان ئەنجوومەنە.
پێشتر وەک جێگری
سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بۆ کاروباری ستراتیژی و ئاسایشی کۆمەڵگا و رێگریکردن لە
تاوان کاری کردووە. هەروەها لە سەردەمی حکوومەتی مەحمود ئەحمەدی نەژاد وەک بریکاری
وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری ئاسایش کاری کردووە.
لە هەفتەی
رابردوودا لە ١٨ـی ئەم مانگە، رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، عەلی لاریجانی،
سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە شوێنێکی نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی وڵات
کۆبووەتەوە و بەئامانج گیراوە و کوژراوە، ئەمەش تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوە هات کە
لەناو ئاپۆڕای خەڵک لەتاران دەرکەوت.