سەردێڕ:

دوێنێ لەکاتی جەژنی نەورۆزدا لە عەفرین ژمارەیەک کورد رووبەرووی سوکایەتی و ئەشکەنجەدان بوونەوە

PM:03:45:22/03/2026

944 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ لەکاتی جەژنی نەورۆزدا لە عەفرین و چەند ناوچەیەکی دیکە، کوردانی رۆژئاوا رووبەرووی سوکایەتی و ئەشکەنجەدان بوونەوە لەلایەن ژمارەیەک عەرەبەوە، سیپان حەمۆ جێگری وەزیری بەرگری سوریاش لەسەر رووداوەکە هاتە دەنگ و دەڵێت، هەرکەسێک هێرش بکاتە سەر کورد و سیمبولەکانی لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.


دوێنێ، کاتێک کوردەکانی رۆژئاوا بە جۆش و خرۆشەوە جلی کوردییان پۆشیبوو و ئاڵای کوردستانیان بەرز کردبووەوە بۆ ئاهەنگگێڕانی نەورۆز، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، ژنێکی کورد لەلایەن چەند عەرەبێکی سوورییەوە ڕێگری لێ دەکرێت و سوکایەتی پێدەکرێت.

لە لایەکی تریشەوە و لە هەمان کاتدا، چەند عەرەبێکی دیکە پەلاماری گەنجێکی کورد دەدەن تەنها لەبەر ئەوەی ئاڵای کوردستانی بەرز کردووەتەوە؛ هێندەی لێ دەدەن دەم و لووتی پڕ خوێن دەکەن، تا ئەو کاتەی هێزەکانی ئاسایش دەگەنە فریای و لەژێر دەستیان دەری دەهێنن و رزگاری دەکەن.

لە کاردانەوەی ئەم هێرشانەدا، کوردەکان دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و راستەوخۆ چوونە سەر بنکەیەکی ئاسایش لە قامیشلۆ، گرژییەکان گەیشتنە ئەو ئاستەی چەند گەنجێکی خۆپیشاندەر ئۆتۆمبێلەکانی ئاسایشیان تێکشکاند و، وەک کاردانەوەیەکی توند، ئاڵای سووریایان لەسەر بنکەکە هێنایە خوارەوە.

لەسەر سوکایەتی کردنی بە کوردیش، سیپان حەمۆ جێگری وەزیری بەرگریی سووریا، هاتە دەنگ و وتی، هەرکەسێک هێرش بکاتە سەر کورد و سیمبولەکانی رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.

دەشڵێت، بە هۆی رووداوێکی تاکەکەسی، گەلی کورد لە حەلەب و بەشێک لە قەزاکانی تووشی لێدان و سوکایەتی کردن بووەتەوە و هەندێ کەس هەوڵی ئەو جۆرە ناتەباییە دەدەن لەنێوان کورد و عەربدا.













گەلەری