ئاهەنگێکی جەماوەری لە شاری بۆنی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو؛ بە بەشداری هەزاران کوردی تاراوگە و مەسعود بارزانی لە وتارێکدا لەوبارەیەوە وتی، گەلی کورد هیچ کاتێک دەستبەرداری مافە رەواکانی نەبووە و نەورۆز ئاگرێکە بۆ بڕوابەخۆبوون و ئازادی و خۆنەچەماندن لە دڵی هەر کوردێکدا.
ئەمڕۆ شەممە ٢١ـی ئازاری ٢٠٢٦، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی وتی، "وڵاتانی ئەوروپا بوونە ماڵی دووەمی کوردانی هەر چوارپارچەی کوردان، بەڵام دڵنیام دڵی ئێوە لەگەڵ خاک و نیشتیمان دایە".
هەروەها داوای
لە کوردانی تاراوگە کرد، منداڵەکانیان لە زمان و کەلتووری دانەبڕێنن و نەورۆز
تەنیا نوێبوونەوەی سرووشت و رێککەوتێک نییە، بەڵکوو بۆ کوردستانیان نیشانەی ئازادی
و ژیانەوەیە، نیشانەی دەستپێکێکی نوێ و هەستانەوە و ئومێدی هاتنی رۆژێکی نوێیە.
باسی لەوەشکرد،
کورد لە هەرشوێنێک بێت، لە کوردستان بێت یان ئەوروپا و ئەمریکا یان هەر شوێنێکی دیکەی
جیهان یەک پەیامی جیهان کورد کۆدەکاتەوە، ئەویش ناسنامەی کوردایەتی و خۆشەویستی
ئازادییە.
وتیشی، "دڵخۆشم
بە بینینی ئەو ژمارە زۆرەی کوردان لە شاری بۆن، کە ئەمەش نیشانەی یەکدەنگی و
یەکڕیزییە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کورد لە هەر شوێنێک بن، دەتوانن بە یەک دڵ و
یەکدەنگی بۆ ماف و ناسنامەکەیان شانبەشانی یەکتر بوەستن، ئەمە رێگەی راست و
رزگاربوونە، داوا لە ئێوە دەکەم ئەم یەکڕزیی و یەکدەنگییە بپارێزن، ئێستا ئێمە لە
سەردەمێکدا دەژین هەموولایەک چاوی لەسەر کوردە، ئەگەر ئێمە بۆخۆمان هەبین و یەکڕیز
و پشت و پەنای یەکتربین دڵنیابن جیهانیش دۆست و پشتیوانی ئێمەیە".