PM:06:37:12/03/2026
1544 جار خوێندراوەتەوە
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ وتی، "دەتوانم لە یەک کاتژمێردا کارەبای ئێران بکوژێنمەوە، بەڵام نایکەم"، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران وەڵامی دایەوە و رایگەیاند، "ئەگەر ئەو کارە بکەیت، لە ماوەی تەنیا نیو کاتژمێردا تەواوی ناوچەکە تووشی تاریکی دەکەین".
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ـی ئازاری ٢٠٢٦، عەلی لاریجانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە زمانی عەرەبی پەیامێکی کورتی بڵاوکردەوە و تێیدا دۆناڵد ترەمپی ئاگادار کردووەتەوە، "بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەو کارە بکەیت، ئێمەش لە ماوەی تەنیا نیو کاتژمێردا تەواوی ناوچەکە تووشی تاریکی دەکەین".
لە بەشێکی دیکەی
پەیامەکەیدا دەڵێت،ئەمە دەرفەتێک دەبێت بۆ لێدان لە هێزەکانی ئەمریکا، "تاریککردنی
ناوچەکە، دەرفەتێکی زۆر باش دەڕەخسێنێت بۆ راوکردنی ئەو سەربازە هەڵاتووانەی ئەمریکا".
ئەم هەڕەشە ئاڵوگۆڕکراوانە
لە کاتێکدان کە ماوەی ١٣ رۆژە جەنگێکی گەورە و هاوبەش لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل
دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵگیرساوە و بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی
ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، زیانێکی زۆری گیانی و ماددی بەر ئێران کەوتووە.
کاریگەرییەکانی
ئەم جەنگە تەنیا لە ناوخۆی ئێران و ئیسرائیلدا نەماوەتەوە، بەڵکو بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی
درۆن و مووشەکەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش باجی قورسیان
داوە. تاوەکو ئێستا زیانێکی زۆر بەر هەریەک لە وڵاتانی (قەتەر، بەحرەین، ئیمارات،
سعودیە، کوەیت، عێراق، عومان و ئوردەن) کەوتووە و ئاسایشی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
کەوتووەتە مەترسییەوە.