وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، پلانێکی توندوتۆڵیان بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی ئێستا بەهۆی بارودۆخی گەرووی هورمزەوە داناوە. دەشڵێت، بەدوای جێگرەوەی گونجاودا دەگەڕێن بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو، جەختیشی کردەوە کە بەرهەمهێنانی ئێستا پێداویستی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ـی ئازاری ٢٠٢٦، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای کرد، هەناردەکردنی نەوت ٩٠٪ـی داهاتی عێراق پێکدەهێنێت، وەزارەت بڕیاری داوە بەردەوام بێت لە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بە ئاستی ١.٤ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پاڵاوگەکان بە تەواوی توانای دیزاینکراوی خۆیان کار دەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییە
ناوخۆییەکان، هەروەها بری پێویستی گازی شل بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ بە
تەواوی بەردەستە.
سەبارەت بە پرسی
هەناردەکردن، وەزیری نەوت روونی کردەوە کە پرۆسەی هەناردەکردن لە باشوورەوە وەستاوە،
ئەمەش وایکردووە بەدوای جێگرەوەی گونجاودا بگەڕێین بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو.
هەروەها دەشڵێت
، واژۆکردنی رێککەوتنامەیەک سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆری جەیهانی
تورکیاوە نزیکە و وتیشی، وەزارەت پلانێکی توندوتۆڵی بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی ئێستا
داناوە، بەتایبەت دوای ئەو بارودۆخە نوێیەی لە گەرووی هورمز هاتۆتە پێشەوە.