سەردێڕ:

پزیشکییان لەگەڵ ئەردۆغان لەبارەی دۆخی ناوچەکەوە گفتوگۆیان کرد

PM:11:48:09/03/2026

560 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە بۆردومانکردنی خاکی تورکیا لەلایەن ئێرانەوە دەکەن و بە هەوڵێکی وەسف کرد بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و دراوسێکانی.


ئەمڕۆ دووشەممە ٩ـی ئازاری ٢٠٢٦، ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئەنجام دا.

بە گوێرەی ئاژانسی تەسنیم، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکە تەرخان کرابوو بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کرانە سەر ئێران، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی لێکەوتە ناوچەیی و جیهانییەکانی ئەو جەنگە.

ئاماژە بەوەشکراوە، مەسعود پزیشکیان سەرنجی خستووەتە سەر هەوڵەکانی ئیسرائیل و حکومەتی ئەمریکا بۆ نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی لە نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێیدا.

لە گفتوگۆکەدا سەرۆک کۆماری ئێران ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە لەلایەن میدیاکانی سەر بە بەرەی ئەمریکییەوە بڵاوکراونەتەوە، گوایە ئێران هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر وڵاتی تورکیا و وتویەتی، ئێران هەمیشە ئامادەیی خۆی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا دەربڕیوە، بەڵام ئەمە بەو مەرجەیە کە ئاسمان، خاک و ئاوەکانی دراوسێکانمان بۆ هێرشکردنە سەر گەلی ئێران بەکار نەهێنرێت.

لای خۆیەوە، ئەردۆغان ئاماژەی بە بەردەوامیی هەوڵەکانی دیپلۆماسیی وڵاتەکەی کرد بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و رایگەیاند، "ئێمە لە هەموو دەرفەتێکدا بە ئاشکرا وتوومانە کە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران جێگەی قبووڵ نییە. هەڵکشانی گرژییەکان لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا، نە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی دراوسێکان دەکات و نە لە بەرژەوەندیی درێژخایەنی ئێراندایە."

باسی لەوەشکردووە، ئەوان بە هیچ شێوەیەک بیر لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران ناکەنەوە و زۆر بەباشی لەو بارودۆخە سەختە تێدەگەن کە باڵی بەسەر ئێراندا کێشاوە، بۆیە تا ئەو جێگەیەی لە توانای حکومەتی تورکیادایە، ئامادەن بەشدار بن لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.













گەلەری