سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت، پێشوازی لە هەڵوێستی برا کوردەکانمان دەکەین لە هەرێمی کوردستان کە رەتیانکردەوە بەشداری بکەن لەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی ناوچەکە. دەشڵێت، ئەمڕۆ هێزەکانی ناتۆ مووشەکێکی ئێرانییان تێکشکاندووە کە ئاراستەی خاکی وڵاتەکەی کرابوو.
ئەمڕۆ دووشەممە ٩ـی ئازاری ٢٠٢٦، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە روتارێکدا سەبارەت بە پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە، رایگەیاند، هەوڵ و سیاسەتی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دوورکەوتنەوە و بەشداریی نەکردنیان لە شەڕی ناوچەیی بەرز دەنرخێنین.
دەشڵێت، وڵاتەکەی بە یارمەتی فڕۆکەی ئێف - ١٦ و فڕۆکەکانی چاودێری و
ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، ٢٤ کاتژمێر چاودێریی ئاسمانی وڵاتەکەی دەکات لە دژی هەر
هەڕەشەیەکی چاوەڕوانکراو.
وتیشی، لە ٤ـی ئازاردا، مووشەکێک لە ئێرانەوە هەڵدرا و دوای بڕینی ئاسمانی
عێراق و سووریا، دەرکەوت کە بەرەو وڵاتەکەمان ئاراستە کراوە، بەڵام لەلایەن ناتۆوە
تێکشکێندرا دوابەدوای ئەوەش، هۆشداری پێویست درایە دەسەڵاتدارانی ئێران.
سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە ئەنقەرە بە هەماهەنگی لەگەڵ ناتۆ
و هاوپەیمانەکانی دیکەی، بەوردی چاودێری پێشهاتەکان دەکات و بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری
رێوشوێنی ئەمنی زیاتر بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان.