بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی كۆبووەوە و بەگوێرەی راگەیەندراوی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، هەردوولا نیگەرانن لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران.
ئەمڕۆ شەممە ٢٨ـی شوباتی ٢٠٢٦، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، راگەیەندراوێکی لەسەر کۆبوونەوەکەی بافڵ تاڵەبانی و هومام حەمودی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە كۆبوونەوەكەدا پەرەسەندنە مەترسیدارەكانی ناوچەكە و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران تاوتوێکراوە.
وتیشی، هەردوولا نیگەرانبوون لەوەی ئەمریكا رێگای
دانووستانی دیپلۆماسی تەواو نەكردووە و بژاردەی شەڕی هەڵبژاردووە، سەرباری ئەوەی كە
دەرفەتی ئاشتی هەبووە.
لای خۆیەوە، هومام حەمودی هۆشداری داوە لەوەی،
بەردەوامی جەنگەکە لێكەوتەی وێرانكەری دەبێت و رەنگدانەوەی لەسەر هەموو وڵاتانی
ناوچەكە هەیە لەڕووی ئەمنی و ئابووری و سیاسییەوە کە كاریگەرییەكانیشی دەگاتە هەموو
جیهان.
بەپێی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی،
هومام حەمودی داوای دەستوەردانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی كردووە بۆ
سەركۆنەكردنی دەستدرێژی و بانگەواز بۆ راگرتنی دەستبەجێی جەنگ.