سەردێڕ:

عێراق؛ ١٧ کەس بە تۆمەتی بردنی گەنجان بۆ ریزەکانی سووپای رووسیا دەستگیرکران

PM:11:52:26/02/2026

1844 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، ١٧ کەسیان بە تۆمەتی خەڵەتاندنی گەنجان بە مەبەستی بردنیان بۆ ناو سوپای رووسیا دەستگیرکردووە و دەشڵێت، رێکاریش بۆ گەڕانەوەی ئەو عێراقییانە دەگیرێتەبەر کە لە جەنگی ئۆکرانیادا بە دیل گیراون.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ـی شوباتی ٢٠٢٦، سەعید جەیاشی، راوێژکاری ستراتیژی لە ئاسایشی نیشتیمانی عێراق وتی، دوو لە دەستگیرکراوەکان سزای هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە، چونکە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی چوونە ناو هێزی سەربازیی بیانی بەبێ رەزامەندیی حکومەت قەدەغەیە و سزای تووندی هەیە.

دەشڵێت، وەزارەتی خوێندنی باڵا ناردنی قوتابیانی بۆ رووسیا لەمساڵدا راگرتووە، تاوەکو رێگری لەو باندانە بگرێت کە گەنجان لە رێگەی گرێبەستی خوێندنی وەهمییەوە پەلکێشی جەنگ دەکەن.

وتیشی، رەزامەندیی باڵای حکومی هەیە بۆ سەردانیکردنی رووسیا و ئۆکرانیا بە مەبەستی گفتوگۆی سیاسی لەسەر ئەم بابەتە، بەتایبەت کە زانیارییەکان ئاماژە بە هەبوونی چەندین دیلی عێراقی لە ئۆکرانیا دەکەن کە لە ریزەکانی رووسیادا شەڕیان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراق بە جدی هەوڵی گەڕاندنەوەیان دەدات و بە نیازە لە رێگەی پەیوەندی و هەماهەنگییەوە، نامەیەکی فەرمی ئاراستەی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بکات، بۆ وەرگرتنەوەی ئەو عێراقییانەی کە تێوەگلاون و ئێستا لەلایەن ئۆکرانیاوە بە دیل گیراون.













گەلەری