AM:10:22:26/02/2026
1076 جار خوێندراوەتەوە
فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی سودانی لە پەرلەمانی عێراق دەلێت، دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەو وادە دەستووریەیە کە بۆی دیاریکراوە، وتیشی، داوا دەکەن هەفتەی داهاتوو دانیشتنێکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ـی شوباتی ٢٠٢٦، فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پەرلەمانی عێراق وتی، نزیکەی دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام نەدراوە، بۆیە داوا لە سەرۆکی پەرلەمان دەکەن لە هەفتەی داهاتوودا دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام بدات، ئەمەش پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بە بێبایەخکردنی وادەی دەستووری ، چونکە ئەم پرسە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەدای دامەزراوەکانی دەوڵەت هەبووە.
دەشڵێت، داوا لە هێزە سیاسییە کوردییەکان دەکەن، بەر لە دانیشتنەکە،
کاندیدەکەیان بۆ سەرۆک کۆمار یەکلایی بکەنەوە، لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا،
فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان وتی، بەردەوامبوونی حکومەتێکی کاربەرێکەر
مەترسییەکی راستەوخۆیە بۆ سەر کارکردنی دەوڵەت و دامودەزگاکانی، ئەگەر ئەم
ئیفلیجییە بەردەوام بێت، ئەوان وەک فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پەنا
دەبەنە بەر هەموو ئامراز و رێکارە دەستورییە بەردەستەکان بۆ دڵنیابوون لە
کۆتاییهێنان بە بنبەست و پابەندبوون بە رێڕەوی دەستووری دروست.