PM:11:39:25/02/2026
1188 جار خوێندراوەتەوە
هاتووچۆی هەولێر شۆفێران لە دانانی چەند کامێرایەکی گەڕۆکی تۆمارکردنی خێرایی لەسەر رێگەی نێوان کەسنەزان بۆ گۆمەسپان ئاگادار دەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی خێرایی و پاراستنی سەلامەتیی هاوڵاتییان، کامێرای گەڕۆکی تۆمارکردنی خێرایی لە چەندین خاڵی رێگای نێوان کەسنەزان - گۆمەسپان جێگیر دەکرێن.
هاوکات لە
راگەیەندراوەکەدا هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بە شوێنی جێگیرکردنی کامێراکان کردووە کە
پێکدێن لە گوندی مام چۆغان، گوندی کانی شاوێردی، هەورازە نەفتە، بەردەباز، و کانی
کەوان و گۆمەسپان.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا،
هاتووچۆی هەولێر داوا لە سەرجەم شۆفێران دەکات، لە پێناو سەلامەتیی خۆیان و ئەوانی
دیکەشدا، پابەندی ئەو خێراییە دیاریکراوە بن کە بۆ رێگەکە دانراوە.