PM:12:05:25/02/2026
984 جار خوێندراوەتەوە
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە كە لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە چەمچەماڵ، کە هەڵیکوتابووە سەر ماڵی پوری و دوای ئازاردان و ئەشکەنجەدانێکی زۆر و بریندارکردنی، ئاڵتونەکانی دزیوە و هەڵهاتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی وتی، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە چەمچەماڵ تۆمەتبارێك هەڵیکوتابووە سەر ماڵی ژنێکی بەساڵاچو کە بەتەنها دەژیا، دوای ئەوەی تۆمەتبار ژنەکە دەبەستێتەوەو ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆری دەدات تا لەهۆش خۆی دەچێت، دواتر ئاڵتونەکانی دەدزێت و هەڵدێت.
وتیشی، دەستبەجێ
بڕیاری دادوەر بۆ رووداوەکە وەرگیراو هێزەکانیان لێکۆڵینەوە و بەدواداچونیان بۆ
دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکردووە و لە ئەنجامدا تۆمەتبارەکە
دۆزراوەتەوە و دەستگیرکراوە، دەستیشگیرا بەسەر ئاڵتونە دزراوەکەدا.
ئاماژەی
بەوەشکرد، تۆمەتبارەکە لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٧ـە و لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوت تۆمەتبارەکە
خوشکەزای سکاڵاکەرە، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی (٤٤٣) لە یاسای سزادانی
عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە لەگەڵیدا.