سەردێڕ:

بڕیاری گرانکردنی نرخی کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت هەرێم دەگرێتەوە؟

PM:07:17:24/02/2026

1144 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارەكەی وەزارەتی گەیاندنی عێراق بۆ زیادكردنی ٢٠٪ـی كرێی خزمەتگوزاری لەسەر كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت هەموو کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم دەڵێت، ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ عێراق هەیە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ـی شوباتی ٢٠٢٦، دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم دەڵێت، ئەو كۆمپانیایانەی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت دابین دەكەن و مۆڵەتی حكومەتی هەرێمیان هەیە، بۆ بڕیارە نوێیەكەی حکومەتی عێراق لەبارەی گرانکردنی کارت نایانگرێتەوە، تەنها ئەو کۆمپانیایانە دەگرێتەوە کە گرێبەستیان لەگەڵ عێراق هەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ئەو كۆمپانیایانە بەپێی رێنماییەكانی ”وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن” كار دەكەن و هیچ گۆڕانكارییەل لە نرخ و جۆری پاكێجەكان ناكرێت، ئەم بڕیارە تەنها پەیوەستە بەو كۆمپانیایانەی، كە لە بەغدا گرێبەستیان هەیە.

ئەوەش دوای ئەوەدێت، کە لە عێراق بەڕێژەی ٢٠٪ باج خراوەتە سەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت و نرخیان بەرزدەبێتەوە و كارتێكی پینج هەزاری دەبێتە شەش هەزار و كارتی ١٠ هەزاری دەبێتە ١٢ هەزار.

هاوكات، ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی عێراق هەڵوێستیان دژی ئەو بڕیارە راگەیاندووە و بڕیاریان داوە واژۆ كۆبكەنەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی.













گەلەری