ئەو جەنگەی وا پێشبینی دەکرا بە چەند هەفتەیەکدا کۆتایی بێت، بووەتە درێژخایەنترین و پڕتێچووترین ململانێی سەدەی بیست و یەک و جیهانیش لە نێوان ئاشتییەکی تاڵ و جەنگێکی بێ کۆتایی، چاوەڕێی بڕیارە سیاسییەکانە.
جەنگەکە بووەتە ئاشی هاڕینی مرۆڤەکان و لەگەڵ دەسپێکی پێنجەم ساڵیدا کۆی قوربانییەکانی هەردوولا ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، رووسیا بەهۆی پەیڕەوکردنی ستراتیژیی (شەپۆلی مرۆیی) ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار زیانی گیانیی هەبووە، کە ٣٢٥ هەزاریان کوژراون، لە بەرانبەردا لە ئۆکرانیا نزیکەی ٦٠٠ هەزار زیانی گیانی هەبووە، کە ١٤٠ هەزاریان کوژراون.
هەروەها زیاتر لە ٦ ملیۆن هاوڵاتیی ئۆکرانی بۆ دەرەوەی وڵات
هەڵاتوون و نزیکەی ٤ ملیۆن کەسیش لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارە بوون. تێچووی جەنگەکەش خەیاڵیە و ئۆکرانیا
بۆ ئاوەدانکردنەوە پێویستی بە زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دۆلار هەیە، لە کاتێکدا رووسیا
رۆژانە سەدان ملیۆن دۆلار لە ئاگری جەنگەکەدا دەسوتێنێت.
یەکێک لە دیارترین سیماکانی جەنگە
لە ئێستادا، بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی لەناو قوڵایی خاکی یەکتر بە مووشەک و
درۆن. لەو نێوەندەدا رووسیا چەکی سەرما بەکاردەهێنێت و دەیەوێت بە
بڕینی کارەبا و گەرمی، ئیرادەی گەلی ئۆکرانیا تێکبشکێنێت، کە زیاتر لە ٪٥٠ـی تۆڕی
کارەبای ئۆکرانیا بەهۆی هێرشەکانەوە لەکارکەوتووە.
لە بەرامبەریشدا ئۆکرانیا بە درۆنی دوورمەودا جەنگەکەی
بردووەتە ناو قوڵایی خاکی رووسیا و پاڵاوگەکانی نەوتی کردووەتە ئامانج بۆ بڕینی
سەرچاوە داراییەکانی کرێملین. ئەگەر سەیری بەرەکانی جەنگ و هێڵەکانی رووبەڕووبوونەوەش
بکرێت، رووسیا وەک سەرکەوتوو دەردەکەوێت کە بەردەوام لە پێشڕەویدایە و یەک لە دوای
یەک گوند و شارۆچکەکانی ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵ دەکات.
ئەوەش هەڵوێستی مۆسکۆی بەهێزکردووە و پوتین دەڵێت،
دانووستان تەنها بە قبوڵکردنی (واقیعی نوێی سەر زەوی) دەکرێت، کە لەو هەڵوێستەیدا
دۆناڵد ترەمپیش پشتگیریی دەکات. بەڵام ئەوروپا دەیەوێت بیسەلمێنێت کە ئۆکرانیا بە تەنها
جێنەهێڵراوە لە بەرامبەر فشارە بەردەوامەکانی سوپای رووسیا و رێگەش نادەن لە پشت
سەری ئەوانەوە رێککەوتن لە نێوان تڕەمپ و پوتین بکرێت.
هەرچۆنێک بێت پلانی دواخستنی ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ و
قبوڵکردنی (واقیعی نوێی سەر زەوی)، ئۆکرانیای خستووەتە بەردەم دوو بژاردەی
خراپەوە، ئاشتییەکی تاڵ، یان جەنگێکی بێ کۆتا.