بانکی ناوەندیی عێراق، لەبارەی چەند مامەڵەیەکی فێڵکردن و دەستبڕین و ساختەكاری کە لە رێگەی دراوی بیانی و کاغەزی بێبەهاوە ئەنجام دەدرێن، هۆشداری دەدات.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ـی شوباتی ٢٠٢٦، بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە، بانکەکە چەند جۆرێکی نوێی ساختەكاری و فێڵکردنی ئاشکرا کردووە کە کەسانی تەڵەكەباز و دەستبڕ لە هاوڵاتییانی عێراقی دەكەن، دیارترینیان فرۆشتنی کاغەزی (یەک ملیۆن دۆلاری)یە وەک دراوێکی راستەقینە، لە کاتێکدا ئەو کاغەزە تەنیا وەک ئەنتیكێك و بۆ یادگاری و جوانی چاپ كراوە و هیچ بەهایەکی نییە، چونکە گەورەترین جۆری دراوی دۆلاری ئەمریکی تەنیا ١٠٠ دۆلارییە.
لە
راگەیەندراوەکەدا هاتووە، فێڵێکی تر بریتییە لە بڵاوبوونەوەی (کاغەزی ڕەش) کە بە قەبارەی
دۆلار بڕدراوە و فێڵبازەکان وا دەریدەخەن کە دۆلاری راستەقینەیە و رەنگ کراوە، بەڵام
بانکی ناوەندی جەختی کردووەتەوە کە ئەمە دوورە لە راستی و تەنیا بۆ لەخشتەبردن و هەڵخەڵەتاندنی
خەڵکە.
بانکی ناوەندیی
عێراق هەروەها هۆشداریداوە، جۆرێکی تر لەو فێڵانە بریتییە لە ساغکردنەوەی دراوی لەکارخراوی
هەندێک وڵات و فرۆشتنی کاغەزی کۆپیکراوی دۆلار و دینار.
دەشڵێت، بانکی
ناوەندی لایەنە ئەمنییەکانی ئاگادار کردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە چاپکردن و هاوردەکردنی
ئەم جۆرە کاغەزانە و داوای لە هاوڵاتیانی عێراقیش کردووە لە کاتی گۆڕینەوەی دراودا
بەتەواوی ورد و وریا بن.