میدیا عەرەبیەکان دەڵێن، چوارچێوەی هەماهەنگی نزیکبووەتەوە لەوەی دەستبەرداری کاندیدبوونی مالیکی ببن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەشێکی دیکەی سونەکانیش دەڵێن، دوای هەڵوێستەکانی ئەمریکا بۆچوونیان لەسەر کاندیدکردنی مالیکی گۆڕاوە.
ئەمڕۆ شەممە ٢١ـی شوباتی ٢٠٢٦، رۆژنامەى عەرەبى جەدیدى قەتەرى لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە جددی بیر لە دوورخستنەوەی مالیکی دەکەنەوە لە کاندیدبوون بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران، بەڵام بە شێوازێکی نەرم کە نەبێتە هۆی تووڕەکردنی حیزبی دەعوەی ئیسلامی و پاڵی پێوە نەنێت بۆ بایکۆتکردنى کاری سیاسی یان بەشدارینەکردن لە حکومەتی داهاتوودا.
چەند چاوگێکی سیاسی بە رۆژنامەکەیان وتووە، لەنێو چوارچێوەی
هەماهەنگیدا تاوتوێى چوار ناو دەکرێت بۆ ئەوەى لەبرى مالیکى بکرێنە کاندید و ئەو
کەسەى کە چانسى لە هەمووان باشترە حەمید شەترى، سەرۆکى دەزگاى هەواڵگریى عێراقە.
هاوکات محەممەد شیاع سوودانیش هەوڵ دەدات دەرفەتێک بۆ کاندیدبوونەوە
بەدەست بهێنێت و هەروەها ناوی دیکەش لە گفتوگۆکاندا خراونەتە ڕوو، وەک ئەسعەد
عیدانی، پارێزگاری ئێستای بەسرە.
ئەو چاوگانە ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، هەریەک لە عەممار حەکیم، قەیس
خەزعەلی، حەیدەر عەبادی، هادی عامری و هومام حەمودی، لەگەڵ کشانەوەى کاندیدکردنی
نوورى مالیکین و هەندێک لایەنى دیکەى ناو چوارچێوەکەش چاوەڕێى ئەوەن مالیکى خۆى
بڕیارى کشانەوە بدات بەڵام ئەو ڕژدە لەسەر بڕیارەکەی و نایەوێت بکشێتەوە.
هاوکات، هاوپەیمانی عەزم بەسەرۆکایەتی موسەنا سامەڕایی دەڵێت، لەدوای
رەتکردنەوەی ئەمریکا بۆچوونیان لەسەر کاندیدبوونی مالیکی گۆڕاوە، ئەوەش دووەم هێزی
سونەکانە دوای حزبی تەقەدووم کە رایگەیاندبوو بەشداری حکومەتێک ناکەن کە مالیکی
سەرۆکایەتی بکات.