ترەمپ دەڵیت، ئێران ١٥ رۆژی لەبەردەستە و دوای ئەوە دەردەکەویت رێککەوتنیان دەوێت یاخود نا، هەرگیز رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، خەریکی ئامادەکردنی رەشنوسێکن بۆ دانوستانەکانی داهاتوو لەگەڵ ئەمریکا.
دوای کۆبوونەوەکانی ئەم دواییانەی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سویسرا و واژۆکردنی لێکتێگەشتنێک لەنیوانیاندا، دۆناڵد ترەمپ وتی، ئێران چەكی ئەتۆمی هەبێت ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی نایەت، بۆیە هەرگیز رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لای خۆشیەوە کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی
سپی ئەمریکاش دەڵێت، ترەمپ هێشتا بژاردەی وتوێژ و دیالۆگ بە باشتر دەزانێت وەک لە
جەنگ لەگەڵ ئێراندا.
لە بەرامبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی
ئێران وتی، تاران سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنوسی چوارچێوەیەکە بۆ دانوستانەکانی
داهاتوویان لەگەڵ واشنتۆن.
ئەمەش لە کاتێکدایە دوای مانۆڕە سەربازیەکەی
ئێران و رووسیا لە باکوری ئۆقیانوسی هیندی، ئەمریکا ژمارەیەکی زۆر کەشتی فڕۆکە
هەڵگر و سەربازی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
رافایل گڕۆسی، بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیش دەڵێت، کۆکردنەوەی
هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو واتایەیە کە پەنجەرەی دیپلۆماسی لەگەڵ
ئێران سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکان خەریکە دادەخرێت.
لای خۆشیەوە، کۆشکی کریملن رایگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، مۆسکۆ داوای لە ئێران و هەموو لایەنەکانی دیکە کردووە، دان بە
خۆیاندا بگرن.
وتیشی، چاودێری پەرەسەندنە بێ
وێنەکانی دەوروبەری ئێران دەکەن و هیوادارن بۆ چارەسەری دۆخەکە پەنا بۆ
دیبلۆماسیەت ببرێت.
هاوکات، سەرۆک وەزیرانی پۆڵندا هاوڵاتیانی وڵاتەکەی ئاگادارکردەوە و
وتی، بە زووترین کات ئێران بەجێبهێڵن، ئەگەرنا لە ماوەکانی دواتردا دەرفەتتان
نابێت وڵاتەکە بەجێبهێڵن.