سەردێڕ:

١٥ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر سوتاندنی ئۆفیسی سەرەکی ئێن ئاڕ تی لە سلێمانی

PM:12:20:20/02/2026

792 جار خوێندراوەتەوە

١٥ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر یەکەمین پێشێلکاری بەرامبەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی و سوتاندنی ئۆفیسی سەرەکی کەناڵەکە لە سلێمانی.


سوتانی ئێن ئاڕ تی بەمشێوەیە بوو، شەوی ١٧ـی شوباتی ساڵی ٢٠١١ ، ئێن ئاڕتی دەستی کرد بە پەخشی ئەزموونی و وەک تاکە کەناڵ روماڵی خۆپیشاندانەکانی ئەوکاتەی هاوڵاتیانی دەکرد لە سلێمانی.

کاریگەری روماڵەکانی ئێن ئاڕ تی وایکرد دەسەڵات بۆ کپکردنەوەى خۆپیشاندانەکان هەوڵی داخستنى بدات، سەرەتا دەسەڵات بە تەلەفون و هەڕەشەکردن هەوڵیان دەدا پەخشی کەناڵەکە رابگرن، بەڵام ئێن ئاڕتی هەر بەردەوامبوو لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەکان.

هەڕەشەکان جدیتر بوو، مەترسییەکانی سەر ئێن ئاڕ تی زیاتر بوو، شەوی ١٩ لەسەر ٢٠ـی شوبات، هێزێکی یەکێتی هێرشیان کردە سەر کەناڵەکە وکەلوپەل و ئامێرەکانیان گولـلەبارانکرد و دواتر بینای کەناڵەکەشیان سوتاند.

دوای سوتاندنی کەناڵەکە حکومەت لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکە پێکهێنا ، بەڵام لیژنەکە، وەک چەندین لیژنەى دیکەی حکومەت، ئەنجامی راپۆرتەکەی بە نهێنی هێشتەوە و ئاشکرای نەکرد.

دەسەڵات ویستی لە رێگەی سوتاندنی کەناڵەکەوە کۆتایی بە ئێن ئاڕتی بهێنێت، بەڵام سەرباری ئەو زیانە زۆرەی کە بە کەناڵەکە گەیەندرا، دوای دوو مانگ و لە رۆژی ٢٢ـی نیسانی٢٠١١ـدا کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردیدا، ئێن ئاڕ تی دەستی بە پەخشکردەوە.

لەو کاتەشەوە تا ئێستا پێشێلکاری و هەڕەشە و فشارەکان بەرامبەر ئێن ئاڕ تی بەردەوامە و لە نوێترین پێشێلکاریدا هەردوو ئۆفیسی کەناڵەکە لە هەولێر و دهۆک داخراون و پەیامنێرانی ئێن ئاڕ تی لە ناوچە و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکەش رێگە بە کارکردنیان نادرێت، بەڵام سەرباری هەموو ئەمانەش ئێن ئاڕتی بەردەوامە لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری بەهەمان دروشمی راستگۆی و هاوسەنگی و بوێری بۆ هاوڵاتیان.













گەلەری