سەردێڕ:

وتەبێژی کۆشکی سپی: ترەمپ هێشتا بژاردەی گفتوگۆ بە باشتر دەزانێت لەگەڵ ئێراندا

PM:08:05:19/02/2026

1944 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا هێزێکی زۆری لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا کۆکردووەتەوە و وتەبێژی کۆشکی سپیش دەڵێت، ترەمپ هێشتا بژاردەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بەباشتر دەزانێت، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، خەریکی ئامادەکردنی رەشنوسێکن بۆ دانوستانەکانی داهاتوو لەگەڵ ئەمریکا.


دوای کۆبوونەوەکانی ئەم دواییانەی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سویسرا و واژۆکردنی لێکتێگەشتنێک لەنیوانیاندا، لای خۆیەوە کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا دەڵێت، ترەمپ هێشتا بژاردەی وتوێژ بە باشتر دەزانێت.
وتیشی، واشنتۆن چاوەڕێی وەڵامێکی وردتری تاران دەکات لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا، لەگەڵ ئەوەی هێشتا بژاردەی سەربازی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لەسەر مێزە.
لە بەرامبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، تاران سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنوسی چوارچێوەیەکە بۆ دانوستانەکانی داهاتوویان لەگەڵ واشنتۆن.
ئەمەش لە کاتێکدایە دوای مانۆڕە سەربازیەکەی ئێران و رووسیا لە باکوری ئۆقیانوسی هیند، ئەمریکا ژمارەیەکی زۆر کەشتی فڕۆکە هەڵگر و سەربازی  رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
رافایل گڕۆسی، بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیش دەڵێت، کۆکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو واتایەیە کە پەنجەرەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکان خەریکە دادەخرێت.
لای خۆشیەوە، کۆشکی کریملن رایگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، مۆسکۆ داوای لە ئێران و هەموو لایەنەکانی دیکە کردووە، دان بە خۆیاندا بگرن.
وتیشی، چاودێری پەرەسەندنە بێ وێنەکانی دەوروبەری ئێران دەکەن و هیوادارن بۆ چارەسەری دۆخەکە پەنا بۆ دیبلۆماسیەت ببرێت.

هاوکات، سەرۆک وەزیرانی پۆڵندا هاوڵاتیانی وڵاتەکەی ئاگادارکردەوە و وتی، بە زووترین کات ئێران بەجێبهێڵن، ئەگەرنا لە ماوەکانی دواتردا دەرفەتتان نابێت وڵاتەکە بەجێبهێڵن.













گەلەری