ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، قۆناغی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی بۆ زیاتر لە ٥٠٠ زیندانی داعش تەواو بووە، کە پێشتر لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ عێراق گواستراونەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٦ـی شوباتی ٢٠٢٦، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ تا ئێستا وردبینی و لێکۆڵینەوەی بۆ زیاتر لە ٥٠٠ تۆمەتبار کردووە، لە ناویاندا ١٥٧ نەوجەوان کە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵییەوەیە جیاکراونەتەوە و دۆسیەکانیان رەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی نەوجەوانان کراوە، بڕیار دراوە ئەم نەوجەوانانە بخرێنە خانەی چاکسازیی نەوجەوانان تاوەکو بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان و بە رەچاوکردنی تەمەنیان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان،
کۆی گشتی ئەو تۆمەتبارانەی لە سووریاوە رادەستی عێراق کراونەتەوە گەیشتووەتە پێنج
هەزار و ٧٠٤ کەس، کە هەڵگری ٦١ رەگەزنامەی جیاوازی وڵاتانی عەرەبی و جیهانین، بەپێی
لیستێکی وەزارەتی داد، دابەشبوونی نەتەوەیی زیندانییەکان بەم شێوەیەیە:
- رەگەزنامەی
سووری: سێ هەزار و ٥٤٤ کەس.
- رەگەزنامەی مەغریبی: ١٨٧ کەس.
- رەگەزنامەی تورکی: ١٨١ کەس.
- رەگەزنامەی میسری: ١١٦ کەس.
هەروەها چەندین
رەگەزنامەی تری وەک: سعودی، رووسی، ئێرانی، ئۆکرانی، پاکستانی، ئەفغانی و وڵاتانی
ئەوروپی و ئاسیایی لە ناو لیستەکەدان و ئامارەکە بوونی ٤٦٠ عێراقی و ژمارەیەکی دیکە
لە رەگەزنامەکانی ئوردن، جەزائیر، ئیندۆنیزیا، بەلجیکا، هۆڵەندا، تونس، ئەمریکا و
بەریتانیا پشتڕاست دەکاتەوە.
ئەم پرۆسەیە لە
چوارچێوەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دێت، کە لە ٢٦ـی
کانوونی دووەمی رابردوو دەرچوو، تێیدا بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی ئەمنیی یەکگرتوو
بۆ سەرپەرشتیکردنی گواستنەوەی تەواوی ئەندامانی داعش لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ
ناو خاکی عێراق.