سەردێڕ:

رەمەزانی ئەمساڵ کاتژمێرەکانی بەڕۆژوبوون کەمدەبێتەوە

PM:07:17:13/02/2026

16132 جار خوێندراوەتەوە

مانگی رەمەزان کەمتر لە هەفتەیەکی ماوە و ئەمساڵ لەچاو ساڵی رابردوو کاتژمێرەکانی رۆژووگرتن نزیکەی چوار کاتژمێر کەمتر دەبن لە وڵاتانی عەرەبی.


سەڵتەنەتی عوممان وەک یەکەم وڵات یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی ئەمساڵی دیاریکرد و لیژنەی بینینی مانگ لەو وڵاتە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، رۆژی چوارشەممە ١٨ـی مانگ، تەواوکەری مانگی شەعبان دەبێت و رۆژی پێنجشەممە کە دەکاتە ١٩ـی ئەم مانگە، یەکەم رۆژی مانگی پیرۆزی رەمەزان دەبێت لەو وڵاتەدا.

هەریەک لەتورکیا و سەنگافورەش بەهەمان شێوە ١٩ـی مانگیان بە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دیاریکرد و چاوەڕواندەکرێت چەند رۆژی داهاتوو وڵاتانی دیکەی ئیسلامی و دەستە شەرعییەکان بۆچوونی کۆتایی خۆیان لەبارەی بینینی مانگەوە رابگەیەنن و یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریبکەن.

لە رەمەزانی ئەمساڵدا تێکڕای کاتژمێرەکانی بەڕۆژووبوون چەند دەبن؟

لە وڵاتانی عەرەبی کاتژمێرەکانی رۆژووگرتن لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵ بەراورد بە مانگی رەمەزانی ساڵی رابردوو بە نزیکەیی دوو بۆ چوار کاتژمێر کەمتر دەبن و کورتترین رۆژی ئەو مانگە بۆ رۆژووگرتن نزیکەی ١٢ کاتژمێر و نیو دەبێت و درێژترین رۆژیش بۆ رۆژووگران ١٤ کاتژمێر دەبێت. بەڵام لەسەر ئاستی جیهان جیاوازە، لە وڵاتەکانی چیللی و ئەرجەنتین و نیوزلەندا و ئەفریقای باشوور، رۆژوەوانان کەمترین ماوە بەڕۆژوو دەبن کە بە تێکڕایی لە لەنێوان ١١ بۆ ١٢ کاتژمێردا دەبێت.

دوای ئەوانیش هەریەک لە وڵاتانی تونس و جەزائیر و مەغریب دێن بە تێکڕای ١٣ بۆ ١٤ کاتژمێر رۆژووگرتن. درێژترین ماوەی رۆژ و رۆژووگرتن لە سێ وڵاتی ئەسکەندەنافی دەبێت کە ئەوانیش دوورگەی گرینلاندی سەر بە دانیمارک و ئایسلەندا و نەرویجن و خەڵکی ئەم سێ ناوچەیە زیاد لە ١٦ کاتژمێر بەڕۆژوو دەبن. ئەمساڵ ساڵی ١٤٤٧ـی کۆچیە، بەڵام رەمەزانی ئەمساڵ دەبێتە ١٤٤٦ـەم رەمەزان، بەهۆی ئەوەی کە خودای گەورە لە ساڵی دووهەمی کۆچیدا رۆژووی لەسەر مسوڵمانان دانا.

بۆ دەستپێکی مانگی رەمەزانیش لەرووی فەلەکناسییەوە، ١٩ـی ئەم مانگە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دەبێت لە تەواوی جیهان و نزیکەی دوو ملیار موسوڵمانیش لە تەواوی جیهاندا لەو مانگەدا بەڕۆژوو دەبن و فەریزە و سوننەتەکانی ئاینی ئیسلام بەجێدەهێنن.













گەلەری