قائیمقامییەتی سلێمانی دەڵێت، لەمانگی رەمەزاندا خواردنگە و چێشتخانەکانی شار كراوە دەبن، بەو مەرجەی رەچاوی دۆخی رۆژووەوانان بكرێت و خواردن و خواردنەوە لەو شوێنانە بە ئاشكرا نەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ـی شوباتی ٢٠٢٦، فازڵ عومەر، قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، پێویستە بازرگانان رەچاوی نرخ و ماوەی بەسەرچوونی شتومەكەكان بن، بەهەموو جۆرێک رێگری لە هاتنی ئەو خواردن و خواردنەوانە بكەن كە ماوەی بەسەرچوونیان نزیكبووەتەوە یاخود تێپەڕیوە.
ئاماژەی
بەوەشکرد، نرخی هیچ كەلوپەلێكی خۆراک بەرز نەبووەتەوە جگە لە گۆشتی سوور نەبێت كە
بە هەماهەنگی لیژنەكانی بەدواداچوونی سەر بە قائیمقامیەت، كۆنترۆڵی نرخی گۆشتیش دەكرێت.
دەشڵێت، خواردنگە و جێشتخانەکان بە مەرجی لەبەرچاوگرتنی
بارودۆخی رۆژووەوانان، لە مانگی رەمەزاندا كراوە دەبن، بەو مەرجەی خواردن و خواردنەوە
بە ئاشكرا نەبێت.
ساڵانە لەگەڵ
هاتنی مانگی رەمەزان، لیژنەكانی بەدواداچوونی بازاڕ هەوڵەكانیان چڕ دەكەنەوە بەمەبەستی
رێگریكردن لە قۆرخكاری و گرانكردنی نرخ لەلایەک و رێگریكردن لە ساغكردنەوەی كاڵای
ماوەبەسەرچوو لەلایەکی دیکەوە، لەو چوارچێوەیەشدا، قائیمقامیەتی ناوەندیی سلێمانی،
رێنمایی و بڕیارەكانی مانگی رەمەزانی بڵاوكردەوە و داواشی لە بازرگانان كرد پێیانەوە
پابەندبن.