سەردێڕ:

٢٧ ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان تێدەپەڕێت

PM:03:55:15/02/2026

1180 جار خوێندراوەتەوە

١٥ـی شوباتی ئەمساڵ، ٢٧ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، کە لە ئۆپەراسیۆنێکی نێودەوڵەتیی ئاڵۆزدا، لەلایەن کۆمەڵێک دەزگای هەواڵگری جیهانییەوە لە نایرۆبیی پایتەختی کینیا دەستگیرکرا و رادەستی تورکیا کرا، دوای چەند دادگاییەک سزای لەسێدارەدان بەسەر ئۆجەلاندا سەپێنرا بەڵام دوای دروستبوونی ناڕەزایەتییەکی گەورە بە تایبەت لە ئەوروپا، سزاکە گۆڕدرا بۆ زیندانیکردنی هەتاهەتایی و دواتر ئۆجەلان گوازرایەوە زیندانی تاکە کەسی لە دوورگەی ئیمراڵ.


ئەو رووداوەی کە لە ١٥ـی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ـدا وەک کۆتاییەک بۆ دۆزی کورد وێنا دەکرا، ئەمڕۆ و دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ دەیەی تەواو، بووەتە چەق و مەرجی سەرەکی بۆ هەر دەستپێکێکی ئاشتییانە لە تورکیا و ناوچەکەدا، لە ئێستادا، کەشێکی جیاواز لە تورکیا و باکووری کوردستان دەبینرێت، چونکە پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیادا وردە وردە بەرەو پێشەوە دەچێت و سەر رێگە دەکەوێت.

لەم چوارچێوەیەدا، جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە دەڵێت، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەبێ عەبدوڵا ئۆجەلان ئازادبکرێت، بەبێ ئازادبوونی ئەو هیچ ئەگەرێک نییە بۆ سەرکەوتنی پرۆژەی چارەسەری و ئاشتی، ئەم تێڕوانینە لە ئێستادا تەنیا لەلایەن کوردەوە نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ریشەیش لە ناوخۆی دەسەڵاتی تورکیادا روویداوە.

لای خۆیەوە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوە پەرستی تورکیا، کە ساڵانێک دژیاتی کورد و هەر پەیوەندیەکی ئاشتیانەی لەگەڵ کورددا دەکرد، ئەمڕۆ بە هەڵوێستێکی چاوەڕواننەکراوەوە ڕایگەیاندووە کە هەڵوێستیان روونە و دەبێت ئۆجەلان ئازاد بکرێت.

وەفدی ئیمراڵیش بە سەرۆکایەتی مەدحەت سەنجەر و پەروین بوڵدان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، کۆبوونەوە و ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کردووە، کە خۆیی و پارتەکەی هەموو بەرپرسیارێتییەک دەگرێتە ئەستۆ بۆ هێنانە ئارای چارەسەرێکی هەمیشەیی، هاوکات، کۆمسیۆنی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا سەرقاڵی کارکردنە بۆ ئەوەی مافی هیوا بە ئۆجەلان بدرێت و ڕێگە بۆ ئازادبوونی خۆش بکرێت. هەموو ئەمانەش لە کاتێکدایە کە ٢٧ ساڵە ئۆجەلان لە زیندانی تاکە کەسی ئیمراڵیدا گۆشەگیرکراوە.

هۆکاری ئەم گۆڕانکاریە ریشەییانەی دەسەڵاتدارانی تورکیاش بە ڕای چاودێرانی سیاسی ئەوەیە، کە تورکیا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کلیلی تێپەڕاندنی قەیرانە ناوخۆیی و هەرێمییەکان تەنها لە دەستی ئۆجەلاندایە. دوای ٢٧ ساڵ لە زیندان و گۆشەگیرکردن تورکیا ئیدی تێگەشتووە لەوەی کە ئاشتییەکی بەردەوام لە وڵاتەکەیدا بەبێ رەزامەندی و ئازادیی عەبدوڵا ئۆجەلان کارێکی مەحاڵە.













گەلەری