دەم پارتی بەهۆی بڵاوبوونەوەی دروشمی رەگەزپەرستی و سوکایەتیکردن بە خانمە سیاسەتمەداری کورد، لەیلا زانا، سکاڵای یاساییان تۆمار کرد و دەڵێن، پێویستە بکەرانی ئەو کارە سزابدرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، تولای هاتیمئۆغولاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی، لە ڕێگەی داواکاری گشتیی ئەنقەرەوە و سکاڵایان لەسەر ئەو هێرشە رەگەزپەرستانەیە تۆمارکرد کە لە یاریگاکان و بەتایبەت لەلایەن هاندەرانی یانەی بۆرسا سپۆرەوە دژی لەیلا زانا ئەنجامدرابوون.
لە سکاڵاکەدا دەم پارتی داوا دەکات بەهۆی بێدەنگبوونیان لە ئاست ئەو سوکایەتییانە هاندەران، بەڕێوەبەرانی یانەکان، ناوبژیوانان و تەنانەت نوێنەرانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیاش سزابدرێن.
دەم پارتی دەشڵێت، لەیلا زانا هیچ پەیوەندییەکی بە وەرزش و تۆپی پێوە نییە، بەڵام تەنیا بەهۆی ناسنامەی کوردی و ئافرەتبوونیەوە کراوەتە ئامانج. ئەم هێرشانە هەوڵێکن بۆ تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی و دیموکراسی لە وڵاتدا کە لە ئێستادا لە ئارادایە.
ئەم سکاڵایە دوای ئەوە دێت لە ١٦ـی ئەم مانگە لە کاتی بەڕێوەچوونی یاریی نێوان هەردوو یانەی بۆرساسپۆر و سۆماسپۆر، لەلایەن هاندەرانی بۆرساسپۆر بە دروشم و وشەی نەشیاو بێڕێزی بە لەیلا زانا خانمە سیاسەتمەداری کورد لە تورکیا کرابوو.