سەردێڕ:

دابەشکردنی ئاو لە سلێمانی دەستیپێکردەوە

AM:10:39:27/04/2024

1012 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی بەهۆی هێرشەکانی دوێنێی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دابەشکردنی ئاو راگیرابوو، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی رایگەیاند، دابەشکردنی ئاو لە پڕۆژەکانی دوکان- سلێمانی دەستی پێکردەوە.


دوێنێ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی ئەو هێرشەی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ، بووە هۆی کورتهێنانی بڕی کارەبا لەو یەکەیەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەنداوی دوکان بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی ئەو کارەبایەی بەرهەم دەهێنرێت لە کۆرمۆر یەکەی زیاتری کارپێکردووە و ئاوێکی زۆر بەردراوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پیسیەکی زۆر بێنێتە سەر پڕۆژەکانی دابەشکردنی ئاوی دوکان- سلێمانی.

ئەوەشی خستبووەتەڕوو، بەهۆی ئەوەی رۆژی هەینی بووە و گەشتیاری زۆر لەو سنوورە لە گەشت بوون، پاشەڕۆیان خستووەتە دەریاچەکەوە و لەبەر سەلامەتی پڕۆژەکان، تاوەکو کاتێکی نادیار رادەگیرێن.

دوای ئەو رووداوانەش، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی رایگەیاند، کە دابەشکردنی ئاو دەستیپێکردووەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی کاتژمێر ٦:٥٠ خولەکی ئێوارە بۆ هەشتەم جار کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە ئامانج گیرا و دوو دەنگی بەهێز لەنێو کێڵگەکەدا بیسترا کە بەهۆیەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە، بەهۆی هێرشەکانیشەوە، چوار کەس گیانیان لەدەستدا.

دوابەدوای هێرشەکە، وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بڵاویان کردەوە، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەوهۆیەوە نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.













گەلەری