سەردێڕ:

بانکی ناوەندی: هەر کۆمپانیایەک پێشێلکاری لە کارتی بانکی بکات سزا دەدرێت

PM:11:17:21/05/2023

2752 جار خوێندراوەتەوە

جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، رێنماییەکانی بەکار‌هێنانی کریدیت کارد بۆ رێگەگرتنە لە بەکارهێنانی بە شێوەیەکی خراپ و هەر کەسیك یان هەر کۆمپانیایەک پێشێلکاری کردبێت رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتە بەر.


عەمار خەلەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، حکومەتی ئێستای عێراق گرنگی بە پرسی پارەدانی ئەلکترۆنی دەدات و ئامانج لە دەرکردنی رێنمایی پەیوەست بەو پرسە بۆ رێگەگرتنە لە بەکارهێنانی بە شێوەیەکی خراپ.

جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین هەوڵی بەقاچاغبردنی چەند کارتێکی بانکی دروستکراوی کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلکترۆنی سەر بە بانکی ناوەندی پوچەڵکراونەتەوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر بانک و کۆمپانیاکان گیراوەتە بەر.

ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لە بڕیارە گرنگەکانی بانکی ناوەندی پەیوەست بەو کارتانە ئەوەیە کە دەبێت بە ناوی هەڵگرەکەیەوە بێت و ناوی ئەو کەسەش لە کۆمپانیاکە تۆمار کرابێت.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ بانکی ناوەندی چەند رێنماییەکانی تایبەت بە بەکارهێنانی کریدیت کارت بڵاوکردەوە و بەپێی رێنماییەکان هەڵگری ئەو کارتانە دەتوانێت لە مانگێکدا ١٠ ملیۆن دینار داغڵی کارتەکە بکات.

هاوکات، لە ماوەی مانگێکدا هەڵگری کریدیت کارت بۆی هەیە سێ هەزار دۆلار لە کارتەکەیەوە رابکێشیت و بۆی هەیە لە رۆژێکدا تەنها بە بڕی ٧٥٠ دۆلار مامەڵەی کڕین بە کارتەکە ئەنجام بدات.













گەلەری