سەردێڕ:

دواى هەڕەشەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر هەڵبژاردن ئەمڕۆ یەکێتى و پارتى کۆدەبنەوە

AM:10:20:21/05/2023

1620 جار خوێندراوەتەوە

دواى قسەکانى جێنین پلاستخارت، نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لەسەر هەڵبژاردن لە هەرێم، بڕیارە ئەمڕۆ یەکێتى و پارتى کۆببنەوە.


بەپێى زانیارییەکانى ئێن ئاڕتى کۆبونەوەکەى ئەمڕۆى نێوان ئەو حزبانە بۆ قسەکردنە لەسەر هەڵبژاردن و تاوتوێکردنى هەڕەشەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لەسەر هەڵبژاردن.

رۆژی ١٩ى ئەم مانگە نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى هۆشدارى دایە یەکێتى و پارتى کە چیتر هەڵبژاردن دوانەخەن.

دوێنێش ئێلینا رۆمانۆسکى، باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق لە تویتێکدا باسی لەوەکرد، لەگەڵ بەرپرسانى یەکێتى و پارتى قسەى کردووە و جەختیکردووەتەوە کە تا کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردن بکەن.

ماوەى زیاتر لە شەش مانگە تەمەنى ئاسایی خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان تەواو بووە و بڕیارە ١٨ى ١١ـی ئەمساڵ هەڵبژاردن بۆ خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەبچێت و ئەمەش دەبێتە یەکەم هەڵبژاردن کە ئەمریکا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى راستەوخۆ سەرپەرشتى بکەن.













گەلەری