لیژنەی وزە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بودجەی تەرخانکراو بۆ کەرتی کارەبا هەشت ترلیۆن دینارە. دەشڵێت، "پلانێکی پێنج خاڵییان بەمەبەستی سەقامگیری لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و دابینکردنی بۆ هاوڵاتییان داڕشتووە".
داخل رازی ئەندامی لیژنەی وزە لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، لیژنەی وزە رێککەوتنێکی سەرەتاییان لەگەڵ موحەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران کردووە بۆ جیاکردنەوەی کرێی کڕینی وزە و سووتەمەنی لە بڕە پارەیەکی دیکە کە بۆ خەرجییەکانی وەزارەتی کارەبا تەرخانکراوە.
باسی لەوەشکرد، لیژنەی کارەبا و وزە پێشتر لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا کۆبوونەتەوە
و رێککەوتوون لەسەر گرنگیپێدانێکی تەواو بە وەزارەتی کارەبا لە پرۆژە یاسای بودجەدا.
وتیشی، وەزارەتی کارەبا پلانێکی پێنج خاڵی بەردەوامیان هەتا ساڵی ٢٠٣٠ داڕشتووە
کەکار لەسەر باشترکردنی کەرتی کارەبا دەکات لەلایەن چەندین کۆمپانیای جیاواز لەبوارەکانی
بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبادا.
داخل ئاشکراشی کرد، بەشە بودجەی تەرخانکراوی وەزارەتی کارەبا لە پرۆژە
یاسای بودجەدا هەشت ترلیۆن دینارە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەبەشە بودجەی وەزارەتی کارەبا بڕێک پارە بەمەبەستی دامەزراندنی
وێستگەی نوێی بەرهەمهێنان و نۆژەنکردنەوەی وێستگە کۆنەکان و چاککردنی هێڵەکانی
گواستنەوە تەرخانکراوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠٠٣وە عێراق گرفتی کەمی بەرهەمهێنانی کارەبای
هەیە، سەرەڕای ئەوەی دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت و غازی سروشتی، بەهۆی گەندەڵییەوە نەتوانراوە
کابینە یەک لەدوا یەکەکان کێشەی کارەبا چارەسەر بکەن و بۆ دابینکردنی کارەبا غازی
سروشتی لە ئێران و وزەی کارەبا لە ئەردەنەوە هاوردە دەکات. هەروەها، لە هەرێمی
کوردستانیش دوای ٣٢ ساڵ لە حوکمڕانی پارتی و یەکێتی هاوشێوەی عێراق هاوڵاتییانی
هەرێم گرفتارن بەدەست کەمی کارەبا و دابین نەکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری نیشتیمانی بۆیان
و تاوەکو ئێستاش هاوڵاتییان مانگانە دوو کرێی نیشتیمانی و مۆلیدەی ئەهلی دەدەن تا
بتوانن کارەبای پێویست دابین بکەن.