سەردێڕ:

ئەمریکا هەڵوێستی خۆی لەبارەی پەیوەندییەکەی چین و ئۆکرانیا ئاشکرا کرد

PM:01:29:28/04/2023

4564 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی رایگەیاند، ئەمریکا پێشوازی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرۆکایەتی چین و ئۆکرانیا دەکات. دەشڵێت، "گفتوگۆکانمان پێ باشە بەڵام زووە بۆ ئەوەی بزانین ئەو پەیوەندییە ببێتە هۆی راگەیاندنی ئاشتی لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا."


جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی سەر بە کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، پەیوەندیی نێوان ئۆکرانیا و چینیان پێ باشە و دەکرێت هەنگاوێک بێت بۆ راگەیاندنی ئاشتی یان پلانێکی دیکەیە و ئەوان ئاگاداری نین.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، گومانیان لە تواناکانی ئۆکرانیا هەیە بۆ قبوڵکردنی ئاشتی و تێبینی ئامادەیی چین دەکەن لە هەوڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی دانوستان.

ئاماژەی بەوەشدا، هەماهەنگییەکی گرنگیش لە هەڵوێستە بنەمادارەکانی ئەوان و بڕگەکانی پێشنیازی ئاشتی بەرچاو دەکەوێت کە لە رێکەوتی ٢٤ی شوباتی ئەمساڵ بڵاویکردەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە، شی جین پینگ سەرۆکی چین و ڤۆلۆدمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ یەکەمین جار لە دوای دەستپێکی جەنگی ئۆکرانیاوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.

دوابەدوای ئەوەش، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی لە تویتێکدا رایگەیاند، "پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گرنگم لەگەڵ سەرۆکی چین ئەنجامدا و داوای پابەندبوونی بەهێز لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لە نێوان کیێڤ و پەکین کردووە".

لەو چوارچێوەیەشدا، حکومەتی چین رایگەیاند، چین بەنیازە شاندێک رەوانەی ئۆکرانیا دەکات بە ئامانجی گەڕان بەدوای چارەسەرێکی سیاسی بۆ ململانێکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ روسیادا.

هەروەها، لە ماوەی رابردوو سەرۆکایەتی چین پێشنازێکی ١٢ بڕگەیی ئاشتی بۆ جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا بە ناونیشانی "هەڵوێستی چین لەبارەی چارەسەری سیاسی قەیرانی ئۆکرانیا" خستەڕوو و تا ئێستا هیچ جموجولێک بۆ جێبەجێکردنی پێشنیازەکە بوونی نییە.













گەلەری