سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم مانگانە پارە بۆ ئەم چینە تەرخاندەکات

PM:10:07:09/09/2021

18504 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم رایگەیاند، دەستدەکەنەوە بە پرۆژەی "تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی" کە مانگانە ١٥٠ هەزار دەدەن بە کەسانی کەمدەرامەت، دەشڵێت، "دەمانەوێت جارێکی دیکە بە فۆڕمێکی نوێ پرۆژەکە دەستپێبکەینەوە و لیستەکان دووربن لە گەندەڵی."


کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە پێش مانگی ٩ی ٢٠١٥ لە هەرێمی کوردستان ٨٨ هەزار خێزان سودمەندبوون لە پرۆژەی "تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی" کە مانگانە ١٥٠ هەزار دیناریان وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی ئەم پرۆسەیە راگیرا.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راشیگەیاندووە، "ئێستا دەمانەوێت جارێکی دیکە و بەشێوازێکی نوێ دەستپێبکەینەوە بە پرۆژەکە."

پرۆژەکە پێکدێت لە ناونووسکردنی هەموو ئەو خێزانانەی لە هەرێمی کوردستان هەژار و کەمدەرامەتن و توانای خۆژییەنیان نییە و پێویستیان بە چاودێری و هاوکارییە، دواتریش مانگانە بە بڕێکی دیارییکراو هاوکاریی دەکرێن.

دەربارەی هۆکارەکانی راوەستانی پرۆژەکە لە رابردوودا رایگەیاند، "گرفتە سەرەکییەکە قەیرانی دارایی بووە و گرفتێکی دیکەش ئەوەبووە ئەم لیستانە دوای ئەوەی رووپێوییەک کرا دەرکەوت تەنها ١١٪ی ئەوانەی ناویان تۆمارکراوە شایستەی وەرگرتنی ئەو هاوکارییانە بوون و لە دەرەوەی لیستەکانیش هەزاران خێزان هەبووە کە شایستەی ئەو هاوکارییەبوون و تۆمار نەکراون."

ئەوەشی خستەڕوو، "ئێستا دەمانەوێت جارێکی دیکە بە فۆڕمێکی نوێ پرۆژەکە دەستپێبکەینەوە و لیستەکان دووربن لە گەندەڵی و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە هەموو ئەوانەی کە شایستەن ئەم هاوکارییە وەربگرن."

کوێستان محەمەد دەربارەی ئەوەی چۆن لیستە کۆنەکان پاک دەکرێنەوە لە گەندەڵی و هاوڵاتییانیش چۆن دەتوانن خۆیان ناونووس بکەن وتی، "هەر لە بنەماوە ئەوەی پێشتر هەبووە ئێستا نەماوە، هەرکات ئێمە دەستبکەین بە قۆناغی ناونووسین لە سفرەوە دەستپێدەکەینەوە واتە ئەم پرۆژە نوێیە پاڵپشت نییە بە لیستە کۆنەکان و لیستی تازە دروست دەکرێت."

ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرەڕای ئەوەی ماوەی چەند مانگێک بوو داهاتەکانی حکومەتی هەرێم بەردەوام لە زیادبووندابوون و بەشی دابەشکردنی موچەی دەکرد بەبێ لێبڕین، بەڵام دوو مانگ بەر لە ئێستا، کاتێک بەغدا بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری بۆ هەرێم نارد و هیچ بیانوویەک نەمایەوە بۆ بەردەوامیدان پێی، بڕیاردرا بێ لێبڕین موچە دابەشبکرێت تا ئەو کاتەی بەغدا لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بەردەوام بێت.

لە ئێستاشدا حکومەتی هەرێم قەرزێکی زۆری موچەخۆرانی لەلایە بەهۆی ئەوەی چەند ساڵێک بە ناوی لێبڕین و پاشەکەوتکردنەوە موچەی تەواوەتییان دابەشنەدەکرد.













گەلەری