یەکەمین رۆمانی هاوچەرخی ئەمریکای لاتین بە کوردی بڵاوکرایەوە

PM:05:08:02/08/2022

1256 جار خوێندراوەتەوە

"بیر" یەکەمین ۆرمانی هاوچەرخی ئەمریکای لاتینە کە بە زمانی کوردی بڵاوکراوەتەوە، ژیار هۆمەر لە زمانی ئیسپانییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

ژیار هۆمەری وەرگێڕ لە لێدوانێکدا بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، "بیر" رۆمانی نووسەری ئۆرۆگوای "خوان کارلۆس ئۆنێتی"یە، بنچینەیەکی تێگەیشتنی دنیای گێڕانەوەی ئەمریکای لاتینە، ئۆنێتی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ریالیزمی جادووی و رەوتی وێژەیی و نەوەی دواتر داناوە.

وەرگێڕ وتی "بیر گرنگترین بەرهەمی خوانە و زۆربەی کەڵکەڵەکانی نووسەر لەم رۆمانەدایە، دەقەکەی سەرتۆپی سەردەمەکەیەتی، زۆر کەس بەراوردی "هێڵنج"ەکەی سارتەری دەکەن، راستە کەشەکەیان هاوشێوەیە بەڵام نووسەر ئاگاداری "هێڵنج" نەبووە و حەوت ساڵ لەوەو پێشتر "بیر"ی نوسووە".

خوان کارلۆس ئۆنێتی، رۆماننووس و چیرۆکنووس و وتارنووسێکی ئۆرۆگواییە و ساڵی ١٩٠٩ لە پایتەختی ئۆرۆگوا لەدایکبووە، لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا یەکەمین چیرۆکی بۆ رۆژنامەی ئێل مۆندۆ ناردووە بەڵام ئەوکات بڵاونەکرابووەوە، لە ساڵی ١٩٣٩ یەکەمین رۆمانی بەناوی "بیر" بڵاوکردووەتەوە، لە ساڵی ١٩٩٤ بە نەخۆشی جگەر کۆچی دوایی کردووە.

ژیار هۆمەر لە ساڵی ١٩٩٦ لەدایکبووە، وەرگێڕی کوردی و ئیسپانی و پورتوگالی و ئینگلیزی و عەرەبی و فارسییە، بەرهەمی چەندین نووسەری ئەمریکای لاتینی بۆ کوردی وەرگێڕاوە، بە پێچەوانەشەوە لە زمانی کوردییەوە کتێبی بۆ زمانە بیانییەکان وەرگێڕاوە.

ئ.ل