حاجی حوسێن زیرەک برای گەورە هونەرمەندی کۆچکردوو "حەسەن زیرەک" بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
حاجی حوسێن زیرەک برای حەسەن زیرەک دوای ماوەیەک
لە توشبوونی بە نەخۆشی جەڵتە، رۆژی هەینی رابردوو بە هەمان
نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
خانەوادەی حەسەن زیرەک لە بڵاوکراوەیەکدا
ئاماژەیان بەوەدا، لەپێناو سەلامەتی و پاراستنی گیانی هاوشاریان و بۆ رێگریکردن لە
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پرسە و سەرەخۆشی خوالێخۆشبوو لە مزگەوت و لە ماڵ
دانانرێت و هەمووان دەتوانن بە پەیوەندی تەلەفونی پرسە و هاوسۆزی خۆیان دەرببڕن.

حەسەن زیرەک یەکێکە لە گۆرانیبێژە ناودارەکانی
کورد، لە ساڵی ١٩٢١ لە شاری بۆکان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، بە بولبولی
کوردستان ناوبانگی دەرکردووە، بەرچاوترین کاری ئەو کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە ھونەری
ئاواز و گۆرانی کوردی کە بە دەنگی ئەو وتراوەتەوە، بەھۆی گۆرانییەکانییەوە ناوبانگێکی
زۆری پەیداکردووە، پاش چەندین ساڵ لەتۆمارکردن و بڵاوبوونەوەی گۆرانییەکانی تا ئێستاش
خەڵکی بەتامەزرۆییەوە گوێیان لێدەگرن و چەندین گۆرانیبێژیش گۆرانی و ئاوازەکانی دەڵێنەوە،
لە نێوان ساڵانی ١٩٦٢ تا ١٩٦٤ لە ڕادیۆی کرماشان کاری کردووە، لەو ماوەیەدا لەگەڵ
میوزیکژەنە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە (موجتەبا میرزادە، محەمەد عەبدولسەمدی، ئەکبەر
ئیزەدی و بەھمەن پوولەکی) کاری کردووە و کە بەوهۆیەوە چەندین بەرهەمی هونەری ناوازەی
تۆمارکردووە، لە ٢٦ ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٢ لەتەمەنی٥٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، لە سەر
وەسیەتی خۆی لە دامێنی کێوی ناڵەشکێنە، لە نزیک بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نێژراوە
و تا ئێستاش هەوادارانی گۆرانییەکانی سەردانی گۆڕەکەی دەکەن.