مانگگیران روودەدات

PM:04:34:01/09/2025

2464 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە لە ٧ی ئەیلولی ٢٠٢٥دا مانگگیرانی تەواو کە بە مانگی خوێنیش ناسراوە ڕووبدات، پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەی ٨٢ خولەک بەردەوام بێت.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی " gulf news" دانیشتوانی جیهان چاوەڕوانی دیاردەیەکی فەلەکی ناوازە دەبن، لە شەوی ٧ ئەیلوولی ٢٠٢٥دا مانگگیرانێکی دەگمەنی تەواوەتی روودەدات کە درێژترین مانگگیرانە لە ساڵدا.

زیاتر لە شەش ملیار کەس لە ئاسیا و ڕۆژئاوای ئوسترالیادا، کە دەکاتە 77%ی دانیشتوانی جیهان دەتوانن شایەتحاڵی تەواوی مانگگیرانەکە بن، تێڕوانینی بەشەکی چاودێران وایە کە لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقادا لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی مانگ مانگگیرانەکە دەبینن.

کۆی گشتی مانگگیرانەکە ٨٢ خولەک دەخایەنێت، بەمەش دەبێتە یەکێک لە درێژترین مانگگیرانەکانی ئەم دەیە، ئەم دیمەنە فەلەکناسییە بە دیاردەیەکی ناوازە و تایبەت باس دەکرێت.

لە کاتی مانگگیرانی تەواودا زەوی ڕاستەوخۆ لە نێوان خۆر و مانگدا تێدەپەڕێت، تیشکی خۆر کە بە بەرگەهەوای زەویدا تێدەپەڕێت و بەرەو مانگ دەشکێت درەوشاوەیەکی قووڵ و سوور دەخاتە سەر ڕووی مانگ بەم شێوەیەش مانگ بە سووری تۆخ دەردەکەوێت، دیاردەیەکەش بە "مانگی خوێن" ناسراوە.

لێرەدا دیارترین کاتەکان لە چەند شارێکدا دەخەینەڕوو:

قاهیرە، ڕیاز، بەغدا، بەیروت، دیمەشق، عەمان: کاتژمێر ٨:٣٠ شەو تا ٩:٥٢ شەو

پەکین و هۆنگ کۆنگ: کاتژمێر ١:٣٠ بەیانی تا ٢:٥٢ بەیانی

تۆکیۆ: کاتژمێر ٢:٣٠ بەیانی تا ٣:٥٢ بەیانی

سیدنی: کاتژمێر ٣:٣٠ بەیانی تا ٤:٥٢ بەیانی

مۆسکۆ: کاتژمێر ٨:٣٠ی شەو تا ٩:٥٢ی شەو

ئەستەنبوڵ: کاتژمێر ٨:٣٠ شەو تا ٩:٥٢ شەو

لەندەن: کاتژمێر ٦:٣٠ی ئێوارە تا ٧:٥٢ی ئێوارە

شارەکانی وەک کازابلانکا و تونس و جەزائیر تەنها لە قۆناغە سەرەتاییەکان یان کۆتاییەکانیدا شاهیدی مانگگیرانەکە دەبن.