ترایلەری فیلمی سینەمایی کوردی ١٩٨٨ بڵاوبوویەوە و بەمزووانە لەسەر شاشەی سینەماکان پەخش دەکرێت

PM:07:33:19/09/2023

4076 جار خوێندراوەتەوە

فیلمی ١٩٨٨ یەکەمین ترایلەری بڵاوکرایەوە کە فیلمێکی سینەمایی کوردییە و لە ئاستێکی جیهانیدا کاری بەرهەمهێنانی بۆ ئەنجامدراوە.

فیلمەکە باس لە زستانی ساڵی ١٩٨٨ دەکات کە لە چڕترین سەردەمی شەڕی ئێران - عێراقدایە، پێشمەرگە چالاکی بەردەوامیان هەیە لە دژی حزبی بەعس لە شاری هەڵەبجە، لە فیلمێکی فرە چیرۆکیدا، چیرۆکی جۆراوجۆر لە کارەکتەر و بنەماڵە جیاوازەکانی هەڵەبجە دەگێڕینەوە، لەوانە (عومەری خاوەر)، هەروەها چیرۆکی پێشمەرگەیەکی شۆڕشگێڕ کە لە کاتی یەکێک لە چالاکییەکانیدا لەناو شاری هەڵەبجە عاشقی مامۆستایەکی قوتابخانە دەبێت، راستی رووداوەکانی ئەو سەردەمەی هەڵەبجە لە رێگەی چەند چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشەوە دەگێڕدرێتەوە لە یەک دوو مانگ پێش بۆردومانی شارەکە هەتا ڕۆژی ١٦ی ئازاری ١٩٨٨، ئەو ڕۆژەی کە هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی بۆردومان کرا، بە وردەکارییەوە تاوان و جینۆساید بە چەکی کیمیایی دژی خەڵکی سیڤیلی هەڵەبجە نیشان دەدرێت.

ستافی فیلمی ١٩٨٨ لە دوو بەش پێکدێت، بەشێکی سینەماکاری ئەکادیمی کوردی هەرێمی کوردستانن و بەشێکی تریشی کەسانی خاوەن ئەزموون و بەناوبانگی وڵاتی ئێرانن لە کورد و لە فارس.

فیلمەکە لەنووسین و دەرهێنانی هێژوان زەندییە و بەرهەمهێنانی رێمان شەوکەتە، هەروەها کاری بەڕێوەبەری وێنەگرتنی لەلایەن هومان بێهمانشەوە بۆ ئەنجامدراوە.

سیناریۆی فیلمەکە لەدوای چەند مانگێک توێژینەوە و گەڕان لەناو شاری هەڵەبجەدا نوسراوەتەوە.

ماوەی پێش بەرهەمهێنان و ئامادەکردن "پری پرۆدەکشن" حەوت مانگ بووە و ماوەی وێنەگرتن ٤٥ ڕۆژ بووە.

شوێنی وێنەگرتنی فیلمەکە لە ناو شاری هەڵەبجە و دەوروبەریدا بووە.

فیلمەکە بە ئامێر و کەلوپەلی وێنەگرتنی ئاست بەرزی سینەمایی بەرهەمهێنراوە و بودجەی فیلمەکە زیاد لە یەک ملیۆن دۆلار بووە.

 

M.B