ئامادەکردنی شیرینی نان برنجی

PM:03:10:06/07/2022

5556 جار خوێندراوەتەوە

شیرینی نان برنجی یەکێکە لە شیرینە باوەکانی ئێران و خەڵکێکی زۆر ئارەزووی خواردنی دەکەن، بۆ جەژن و بۆنەکان ئامادەی دەکەن.

کەرەستەکانی:

دوو کوپ ئاردی برنج

دوو کوپ یان بەپێی ئارەزوو تۆز "بۆدرە"ی شەکر

١٣٠ گرام لە کەرە یان زەیت

دوو زەردێنەی هێلکە

کەوچکێک بچوک هاڕڕاوەی هێل

دوو کەوچک ئاوی گوڵ

رەشکە بەپێی ئارەزوو

ئامادەکردنەکەی:

کەرەکە لەسەر ئاگر خاوبکەرەوە، لەسەر ئاگر دایبگرە و شەکرەکەی تێبکە و بە خەڵاتە جوانی تێکی بدە، دواتر زەردێنەی هێلکە و ئاوی گوڵ و هێلەکەی تێبکە و دووبارە بە خەڵاتە تێکی بدەرەوە.

وردە وردە ئاردی برنجەکەی تێبکە و تێکی بدە تاکو شێوەی هەویری لێدەردەچێت بەڵام نابێت زۆر توند بێت، هەویرەکە بئاڵێنە لە زەرفێک و بیکەرە ناو ساردکەرەوە "سەلاجە"، نزیکەی ١٢ بۆ ٢٤ کاتژمێر لە ناویدا بێت.

لە ساردکەرەوە دەریبهێنە و بیکە بە گونکی بچوک بە شێوەی بازنەی یان هەر قاڵبێک ئارەزووی دەکەیت گونکەکان کەمێک پانبکەرەوە و رەشکەی بکە بەسەردا.

بیخەرە ناو سینی فڕن بە مەرجێک بنەکەی چەور کرابێت، بیکەرە ناو فڕنەوە لەسەر پلەی گەرمی ١٧٠ سیلیزی بێت و بۆ ماوەی ١٢ بۆ ٢٠ خولەک لەناویدا بێت.

لەناو فڕنەکە دەرتهێنا هاڕاوەی کاکاوی بکە بەسەردا ئەگەر ئارەزووت کرد، لە کۆتاییدا بیکەرە ساردکەرەوە و بۆ ماوەی ٣٠ خولەک لەناویدا بێت، ئامادەیی خواردن دەبیت.

ئ.ل