گرنگترین سوودەکانی خواردنی ساوەر

PM:05:17:21/02/2022

18416 جار خوێندراوەتەوە

ساوەر یەکێکە لەو خۆراکانەی لە گەنمی هاڕڕاو دروستدەکرێت، زۆر کەس ئارەزووی خواردنی ناکەن بەو هۆیەوە جەستەیان لە سوودەکانی ئەو خواردنە بێبەش دەبێت.

ماڵپەڕی مەوزوعی ئوردنی لەو بارەیەوە نوسیوویەتی، ساوەر ئەگەر بە سادەیی و بە بێ رۆنی زۆر ئامادە بکرێت چەندین سوودی گرنگ بە جەستە دەبەخشێت، ئەوانیش:

یەکەم: توێژینەوەکان جەخت دەکەنەوە لەوەی ساوەر لەش لە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە دەپارێزێت، بەتایبەت شێرپەنجەی کۆڵۆن و مەمک، چونکە ماددەی دژە ئۆکسانی تێدایە، هاوکات دەوڵەمەندە بە ماددەی ریشاڵی تایبەت کە شل نابێتەوە، یارمەتی ریخۆڵە دەدات بە ئاسانی خۆراکەکان هەرس بکات.

دووەم: یارمەتی گەدە دەدات بەهۆی بوونی بڕێکی زۆر ماددەی ریشاڵی و رێگا نادات تووشی قەبزبوون بیت کە یەکێکە لە کێشە باوەکان.

سێیەم: ساوەر دەوڵەمەندە بە ئاسن و فۆسفۆر و مس و مەنگەنیز و مەگنسیۆم و سیلینۆم و پرۆتین و ریشاڵییەکان و ڤیتامین ئەی و دی و ئێچ، کە سەرجەمیان باشترین خۆراکن بۆ جەستە، بۆ ئەو کەسانەی کەم خوێنن بەسوودە.

چوارەم: دڵ و خوێنبەرەکان لە نەخۆشی دەپارێزێت و رێگە لە بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵی خوێن و دەمارەخانەکان دەگرێت، کە دەبێتە هۆی جەڵتەی مێشک و دڵ، لێدانی دڵ یەکدەخاتەوە و رێگە لە هەڵئاوسانی دەمارەکان دەگرێت.

پێنجەم: رێژەی گلوکۆز بەیەکسانی دەپارێزێت، ئەمەش دەبێتە هۆی راگرتنی یەکسانی شەکری خوێن.

شەشەم: ساوەر کێشی لەش زیاد ناکات و نابێتە هۆکارێک بۆ کۆبوونەوەی چەوری لە جەستە و قەڵەوبوون.

حەوتەم: سیستمی بەرگریی لەش بەهێزدەکات و دژی سەرجەم نەخۆشییەکان دەوەستێتەوە.

هەشتەم: بۆ ژنانی دووگیان بەسوودە، چونکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و پرۆتین کە یارمەتیدەرە بۆ گەشەی کۆرپەلە.

نۆیەم:بەهۆی بوونی ماددەی ریشاڵی و پێکهاتە خۆراکییەکانی ناویڕێگە لە دروستبوونی بەردی زراو دەگرێت.

ساوەریش وەک هەر خواردنێکی تر ئەگەر زیادەڕەوی لە خواردندیدا بکرێت زیانی تەندروستیی دەبێت، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی گرفتی نەخۆشییەکانی گەدەیان هەیە.

ئ.ل