مارێک شەمەندەفەرێکی گەورەی لە جووڵە خست

PM:07:58:18/04/2024

6740 جار خوێندراوەتەوە

شەوی سێشەممە، مارێک جوڵەی شەمەندەفەرێکی سەر بە تۆڕی شینکانسنی شەمەندەفەرە خێراکانی ژاپۆنی تێکدا، لە کاتێکدا کاتی ئەم ئامرازانەی گواستنەوە زۆر وردە و دەگمەنە دووچاری هیچ دواکەوتنێک بێت.

بەپێی ماڵپەڕی "ئای بی سی"، سەرنشینێک کارمەندانی ئاسایشی ئاگادارکردەوە کە مارێکی درێژی ٤٠ سانتیمەتر لەناو شەمەندەفەرەکەدا هەیە، شەمەندەفەری نێوان "ناگۆیا و تۆکیۆ"، ئەمەش وایکرد بۆ ماوەی ١٧ خولەک شەمەندەفەرەکە بوەستێت.

وتەبێژی کۆمپانیای هێڵی ئاسنی ناوەندی ژاپۆن دووپاتی کردەوە کە تا ئێستا روون نەبووەتەوە کە ئایا مارەکە ژەهراوی بووە یان نا و چۆن توانیویەتی بچێتە ناو شەمەندەفەرەکەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هیچ بریندارێک یان حاڵەتێکی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو سەرنشینەکاندا رووی نەداوە.

وتیشی، "سەرنشینانی شەمەندەفەرەکانی شینکانسن لەوانەیە سەگی بچووک، پشیلە، کۆتر یان ئاژەڵی دیکە لەگەڵ خۆیان بهێنن، بەڵام مار نا".

وتەبێژەکە دەڵێت، "ئەستەمە بۆ مارە کێوییەکان دزە بکەنە ناو شەمەندەفەرەکانەوە"، "ئێمە یاسایەکمان هەیە کە ناهێڵێت سەرنشینەکان مار بهێننە ناو شەمەندەفەرەکانی شینکانسن"، ئاماژەی بەوەشکرد، "بەڵام لە جانتاکانیان ناکۆڵینەوە".

وتەبێژی شەمەندەفەرەکە ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاربوو شەمەندەفەرەکە بەردەوام بێت لە رێگاکەی بۆ ئۆساکا، بەڵام کۆمپانیاکە بڕیاریدا شەمەندەفەرێکی جیاواز بەکاربهێنێت، بەو هۆیەوە گەشتەکە بۆ ماوەی نزیکەی ١٧ خولەک دواکەوت.

رێوشوێنەکانی پشکنین کە لەلایەن پاسەوانانی ئاسایشەوە لەناو شەمەندەفەرە خێراکان ئەنجامدەدرێت، دوای رووداوێکی چەقۆکێشان کە لە ساڵی ٢٠١٨ لە شەمەندەفەرێکی شینکانسن روویدا و شۆکێکی گەورەی لە ژاپۆن دروستکرد کە بە وڵاتێکی سەلامەت دادەنرێت، چڕتر بووەتەوە.

H.Y