کەشناسی: تاوەباران و خۆڵبارین دەست پێدەکات

PM:12:23:29/04/2024

332 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، خۆڵبارین دەست پێدەکات و سبەی لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ تاوەباران و بروسکە ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵات و باشووری هەرێم دەگرێتەوە دواتر ناوچەکانی دیکەش دەگرێتەوە. دەشڵێت، "پلەکانی گەرما دادەبەزن و با چالاک دەبێت".

ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئاسمان ساماڵ دەبێت و دواتر دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور لەگەڵ بوونی کەمێک تۆز و خۆڵ، لەکاتەکانی شەویشدا نمەباران لە ناوچە جیاجیاکان دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکان رێژەکەی زیاتر دەبێت.

ئەوەش هاتووە، مەوداى بینین لەنێوان ٦ بۆ ٨ کم دەبێت بەڵام لەو ناوچانەی خۆڵبارین هەیە بەتایبەت ناوچەکانی باشووری هەرێم مەودای بینین لەنێوان ٤ بۆ ٥ کم دەبێت. پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی گەرمیان دادەبەزێت.

سەبارەت بە کەشی سبەی سێشەممە باس لەوە کراوە، ئاسمان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت لەگەڵ بوونی تۆز و خۆڵێکی کەم لە ناوچەکانی باشووری هەرێم، لەکاتەکانی دوای نیوەڕۆ تاوەباران و بروسکە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی هەرێم دەگرێتەوە پاشان زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە بەشێوەی پچڕ پچڕ.

ئەوەش خراوەتە روو، لە کاتەکانی شەودا کاریگەری شەپۆلی تاوەباران و بروسکەکە لاواز دەبێت بەڵام بەهۆی ناجێگیری بەرگەهەوای ناوچەکە بۆ رۆژانی دواتر دابارینی ناو بە ناو بەردەوامی دەبێت.

هاوکات، خێرایی با لەکاتەکانی دوای نیوەڕۆ چالاک دەبێت بۆ سەرووی ٤٠ کم لە کاتژمێرێکدا و لە ناوچەکانی گەرمیان کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت دواتر لەکاتەکانی شەودا کاریگەری لاواز دەبێت و کەم دەبێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی. پلەکانی گەرماش چەند پلەیەک دادەبەزن.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر : ٣٥

سلێمانی : ٣٢

دهۆک : ٣٣

زاخۆ : ٣٤

هەڵەبجە : ٣٣

کەرکوک : ٣٥

سۆران : ٣٢

حاجی ئۆمەران : ٢٢

گەرمیان : ٣٦

S.A