سەردێڕ:

دروستکردنی ئەنجومەنی سیاسی پاشەکشە یان پێشکەوتن؟

PM:08:28:17/02/2026
1476 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

دروستکردنی ئەنجومەنی سیاسی پاشەکشە یان پێشکەوتن؟ تەنها پرسیارە و هیچی دیکە؟

ماوەیەکە لێرە و لەوێ لە میدیاکان لەلایەن کەسایەتی سیاسی و حزبی جیاجیا باس لە دروستکردنی ئەنجومەنی سیاسی دەکەن. لەسەر ئەم بابەتە جارێ ڕای ئەرێنی و نەرێنیم لەسەری نییە، بەڵام مافی پرسیارکردنم هەیە بەو هیوایەی خەڵکی بیرکەرەوە وەڵامم بدەنەوە. ئایا ئێمە لە هەرێمی کوردستان چوار دامەزراوەی گرنگمان هەیە؟

١. پەرلەمانی کوردستان: دەسەڵاتی یاسادانانی هەیە.

٢. سەرۆکایەتی هەرێم: دەسەڵاتی جێبەجێکار.

٣. حکومەتی هەرێم: دەسەڵاتی جێبەجێکار.

٤. دەسەڵاتی دادوەری.

پرسیارەکە لێرەدایە، ئایا لەبری دروستکردنی ئەنجومەنی سیاسی و دامەزراوەی نوێ، میکانیزمی بەهێزکردنی پەیوەندی و هاوکاری نێوان دامەزراوەکانی وەک پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەری کارا و بەهێز بکەین باشتر نییە؟ ئەم ئەنجومەنە گەڕانەوە نییە بۆ بەرەی کوردستانی؟ کە باس لە شێوازی پێکهاتەی ئەم ئەنجومەنە دەکرێ دەڵێن بەرپرسی یەکەمی حیزبەکان و کەسانی دیکەی سیاسی کۆن کە ئێستا بە ئاشکرا لە هیچ حزبێکدا نین، دواتر نوێنەری پێکهاتەکان لەم ئەنجومەنە بەشداربن. ئایا لەم قەرەباڵخیەدا بڕیار وەردەگیرێ؟ ئایا لە زۆری ئەندامانی ئەنجومەنەکە خێرۆمەن لەملا و لاوە دەستوەردان ناکات بۆ ئەوەی سەرلێشێوان لە بڕیارداندا دروست ببێت؟ خۆ ئەگەر نموونەی شیعە و سوننە دێننەوە ئایا ئەوە بەراوردێکی لۆژیکە؟ ئایا ئەو هەلومەرجەی شیعە و سوننە ئەنجومەنیان دروستکردووە وەک ئێستا بووە؟ ئایا ئەو ئەنجومەنە نابێتە بارگرانی بەسەر پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان؟ ئەمانە تەنها پرسیارن. داواکەشم ئەوەیە کە قووڵ بیر لەم مەسەلەیە بکرێتەوە، بەجدی بیر لە لێکەوتەکانی بکرێتەوە لەسەر پرۆسەی سیاسی هەرێم بۆ ئەوەی نەکەوینە دۆخی تیۆری ئەسپی تۆپیو. گرنگ ئەوەیە کە بزانین لە دۆخێکی زۆر هەستیارداین، پێویستە بیرکردنەوە و هەنگاوەکانمان لە ئاست هەستیاری دۆخەکەدا بێت.

گەلەری