حکومەت چاوەکانی لە ئاست سوپای
بێکاران داخستووە
PM:10:32:05/02/2026
292 جار خوێندراوەتەوە
سەرکۆ سڵێمان حسێن
+
-
لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی
هەرێمی کوردستان سەرقاڵی کەیف و سەفا و خۆشگوزەرانی خۆیانن، بەڵام بۆمبێکی تەوقیتکراوی
ناوخۆیی خەریکە کۆڵەکەکانی کۆمەڵگە دەهەژێنێت؛ بۆمبێک کە ناوی "هەژاری و بێکارییە".
بەپێی دواین
داتاکانی وەزارەتی پلاندانان، ئەمڕۆ هەرێم رووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی بێدەنگ بووەتەوە
کە بەرپرسان بە ئەنقەست خۆیانی لێ بێئاگا دەکەن.
کارەساتەکە کاتێک
قوڵتر دەبێتەوە کە دەبینین نزیکەی ملیۆنێک مرۆڤ لەم هەرێمە دەوڵەمەندەدا لەژێر هێڵی
هەژارییەوە دەژین و توانای دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان نییە.
ئەم دۆخە
ترسناکە دەرەنجامی راستەوخۆی بێ پلانی و کەمتەرخەمی حکومەتێکە کە ساڵانێکە بەبێ
ستراتیژێکی ئابووری ڕوون کار دەکات.
لە ئێستادا کە
پەرلەمان وەک تاکە دەزگای چاودێر پەکخراوە، حکومەت بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک داهات و
خەرجی بەڕێوە دەبات، بەبێ ئەوەی هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەری ئەم سوپا بێکارە خەیاڵ
بکات.
نەبوونی دامەزراوەی
شەرعی وایکردووە، ئەم قەیرانە لەبری چارەسەر، ڕۆژ بە ڕۆژ قوڵتر ببێتەوە.
بێباکی حکومەت
لەوەدایە کە هەڕەشەی درۆنێک بۆ سەر کێڵگەیەکی غاز دەبێتە مانشێتی هەواڵ و کۆبوونەوەی
بەپەلەی بۆ دەکرێت، بەڵام برسێتی نیو ملیۆن هاووڵاتی وەک بابەتێکی لاوەکی سەیر دەکرێت.