پارتی لە ئازادی رادەربڕین تێناگات
PM:09:29:04/02/2026
712 جار خوێندراوەتەوە
بەفرین حەسەن عەلی
+
-
بڕیاری داخستنی نووسینگەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک بە بڕیارێکی حزبی پارتیی دیموکراتی کوردستان، هیچ جێگەی سەرسوڕمانمان ناکات.
وەک لە دەزگا حزبییەکانی پارتیەوە راگەیاندراوە، ئەمڕۆ ٠٤/٠٢/٢٠٢٥ هێزێکی چەکداری سەر بە پارتی چوونەتە بەردەم نووسینگەکانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک و بە کارمەندەکانیان گوتووە بڕۆنەوە ماڵەوە چونکە کەناڵەکە دادەخەین.
ئێن ئاڕ تی یان هەر میدیایەکی دیکە لە کوردستاندا، مۆڵەت لە وەزارەتی رۆشنبیری حکومەت وەردەگرێت بۆ کارکردن، کەچی ئەوەی سەیرە وەزارەتی رۆشنبیری، کە وەزیرەکەی کادیری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، دەڵێت، ئاگایان لەو بڕیارە نییە.
ئەمەش دەیسەلمێنێ بڕیارە لە سەدا سەد حزبییە و لەلایەن بنەماڵەی بارزانی دەرکراوە نەک حکومەت و دەزگا فەرمییەکان.
بەپێی قسەی بەرپرسانی پارتی، هۆکاری بڕیارەکە ئەوەیە کە کەناڵەکە لە کاتی رووماڵی کۆبوونەوەیەکدا وێنەیەکی مەلا مستەفا بارزانی، رێبەری پێشووی پارتیی شاردووەتەوە.
بەپێی چی یاسا و رێکارێک دەتوانرێ کەناڵێک بە تۆمەتێکی لەمشێوەیە دابخرێت. ئایا هیچ یاسا و رێنماییەک هەیە فەرزی بکات لەسەر کەناڵەکان کە دەبێ لەکاتی رووماڵەکانیاندا چی پیشان بدەن.
ئەم رووداوە دەریدەخات کە پارتیی دیموکراتی کوردستان بەڕاستی لە ئازادی رادەربڕین تێنەگەیشتووە و تاوەکو ئێستا تێگەیشتنێکی کۆن و حزبی خۆی بۆ ئازادی رادەربڕین و ئازادی میدیا هەیە.
حزبی پارتی سنوورێکی هەیە کە دیارە هەر کەس لەو سنوورەدا نەجوڵێتەوە، ئیدی دەبێت ئازادییەکانی سنووردار بکرێت.
ئەم بڕیارە زۆر مەترسیدارە و جارێکی دیکە سەلماندییەوە کە پارتی باوەڕی بە ئازادی رادەبڕین نییە.