سەردێڕ:

پشتگیری کورد و رۆژئاوا!

PM:04:06:20/01/2026
340 جار خوێندراوەتەوە
ئارام حەمە عەلی
+ -

کاتێک تێچووی پشتگیریکردنی کورد لە قازانجەکەی زیاتر بێت دڵنیابن ئەمریکا و ئیسرائیل پشت لە کورد دەکەن. جارێکی دیکە کورد تەنیا مایەوە و یەک نەبوونیی بویەوە بە گەورەترین دوژمن بۆی ئەوەی ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت یەکەم جار نیە بەسەر کورد بێت و کۆتا جاریش نابێت بەڵام پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە بۆچی پەندی لێوەر ناگرین؟ تا کەی دوژمنی ناوخۆمان بین و دۆستی بێگانە و ناحەزان؟ تا کەی هەمومان نەبین بەیەک و بەرژەوەندی نەتەوەکەمان لەپێناو خۆمان پێش هەمو شتێک نەخەین؟ بەڕێزان ئەوەی ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان رودەدات دەرئەنجامی ئەو هەڵە کوشندانەیە کە هەمیشە کورد هەم لە کاتی فەرحانی و هەمیش لەکاتی ناڕەحەتیدا دوبارەی کردونەتەوە، کە سەرەکیترینیان نەبونی ستراتیژیەتی هاوبەشی نەتەوەییمان و قبوڵکردنی دۆستایەتی ناحەزانمان بوە، بەبێ پەند وەرگرتن لە رابردوومان پەیوەندیی کورد لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هەمیشە تێکەڵەیەک بووە لە بەرژەوەندیی هاوبەش و بێئومێدیی سیاسی بۆ ئەوەی لەم هاوکێشەیە بگەین، دەبێت چەند خاڵێک لەبەرچاو بگرین یەکەم هەمیشە بەرژەوەندیی دەوڵەتان پێش دۆستایەتی دەکەوێت. لە جیهانی سیاسەتدا، چەمکی (دۆستایەتیی هەمیشەیی) بوونی نییە، تەنیا (بەرژەوەندیی هەمیشەیی) هەیە، ئەمریکا و ئیسرائیل وەک دەوڵەت، کاتێک هاوکاری کورد دەکەن کە ئەو هاوکارییە خزمەت بە ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆیان بکات دووەم هاوسەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە.ئەمریکا بۆی قورسە پشتگیرییەکی تەواو و سەربەخۆ لە کورد بکات، چونکە نایەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە بەهێزەکانی تری وەک تورکیا (کە ئەندامی ناتۆیە) تێک بدات، بۆ ئەمریکا پاراستنی تورکیا یان مانەوەی عێراق و سوریا بە یەکگرتوویی زۆرجار گرنگتر بووە لە مافە نەتەوەییەکانی کورد چونکە ئەو باش دەزانێت کە پاراستنی بەرژەوەندییەکان لە ناوچەکە بە ئەو وڵاتانە دەکرێت نەک بە کورد کە نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتی پارچە پارچە کراوە. سێیەم ئیسرائیل و بەکارهێنانی کورد وەک کارتی فشار. ئیسرائیل زۆرجار وەک هاوسۆزێک بۆ کورد دەردەکەوێت بۆ نمونە پشتگیریکردنی لە ریفراندۆمەکەی 2017 بەڵام بیرمان نەچێت ئامانجە سەرەکیەکەی ئەو وڵاتە ئەونەی سەرقاڵکردنی تورکیا و ئێران بوو بە دۆسیەی کوردەوە ئەونە ویستیی نەبوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی هەربۆیە کاتێک بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەکەوێتە مەترسییەوە، یان کاتێک دەبینێت فشارە نێودەوڵەتییەکان زۆرن، بەرگری لە کورد ناکات و پشتی تێدەکات یاخود بێدەنگی هەڵدەبژێرێت وەک ئەوەی ئێستا بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان دەیکات. لە مێژوی نیو سەدەی ڕابردو سێ نمونەی زەقی پشتێکردنی ئیسرائیل و ئەمریکامان هەیە لە کورد کە ئەوانیش یەکەم:- رێککەوتنامەی جەزائیر، ئەمریکا و ئێران پشتیان لە شۆڕشی ئەیلوول 1975 کرد دوای ئەوەی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق رو لە باشی بو دووەم:- ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە 2017، ئەمریکا بێدەنگی هەڵبژارد کاتێک کورد کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی لەدەستدا چونکە نەیانویست حکومەتی ناوەندی بەغداد و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر تێک بچێت بۆ ئەوەی زیان بە بەرژوەندیەکانیان نەکەوێت لە ناوچەکە سێیەم:-، ڕۆژئاوای کوردستان لە 2019، کشانەوەی کتوپڕی هێزەکانی ئەمریکا لە هەندێک ناوچەی سووریا کە ڕێگەی بۆ تورکیا خۆش کرد هێرش بکاتە سەر کورد و ئەوەی ویستی بیکات و کردیشی ئەوەی ئێستایش لە رۆژئاوای کوردستان رودەدات چوارەم زەقترین ئەو سیاسەتە دوفاقیەی ئەمریکا و ئیسرائیلە کە بەرامبەر بە کورد دەیکەن، بە کوردی و بە کورتی، کورد بۆ ئەوان هاوپەیمانێکی کاتیی و کاریگەرە نەک هاوپەیمانێکی ستراتیژیی هەمیشەیی، هەربۆیە کاتێک تێچووی پشتگیریکردنی کورد لە قازانجەکەی زیاتر بێت، ئەوان و هاوشێوەکانیان پاشەکشە دەکەن و دەست بە بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە دەگرن نەوەک مافەکانی کورد. بۆ ئێمەی کورد هەمو بابەتەکە تەنها پشتتێکردنی وڵاتانی زلهێز نیە بەڵکو لەوە گرنگتر و دژوارتر نەبوونی یەکڕیزی و یەک دەنگی خۆمانە کە لە مێژوی سەدان ساڵەی خەباتی کوردا ئەو نەبونی یەکڕیزییە گەورەترین زیانی بە کورد گەیاندوە کە بەداخەوە لەم چەند ساڵەی کۆتاییشدا کە دۆزی کورد لە باشور و رۆژئاوای کوردستان و تەنانەت لە باکوریش بەرەوپێشچونی باشی بەخۆیەوە بینی، هیچ کات نەمان بینی و نەمان بیست سەرکردە سیاسییەکانمان بێنە پێشەوە و پێکەوە ئامانجێکی ستراتیژی نەتەوەیی دور لە بەرژەوەندییە حزبی و شەخسییەکان دابڕێژن و هەموان بە یەک زمان و داواکاری، لۆبی بکەن لە پێناو مافە رەواکانی دۆزی کورد کاتێک لە فەرحانیدا ئەم هەنگاوانە نانرێت ئەوا لە ناڕەحەتیەکاندا روبەڕوی قوربانیدانی زیاتر دەبینەوە کورد لە مێژە وتویەتی ئەو کەسە کەسە ئەلفێکی بەسە بەڵام بەداخەوە نە پەندمان لەم پەندە وەرگرتوە و نە لەو هەمو زوڵمەی لێمان کراوە، لەبەر ئەوە ئێستا کاتی ئەوەیە بە پەند وەرگرتن لە رابردومان هەموومان بە یەک دەنگ و بە یەک زمان هاواری کورد بون بکەین و هیچ درێخی نەکەین لە بچوکترین کارێک کە بۆ مانەوەمان و بەهێزکردنی یەکڕیزیمان پێمان دەکرێت.

بەڵێ بۆ یەک دەنگی و یەک ڕیزیمان لە کوردستانی گەورە و هەمو جیهان 2+2=1.

گەلەری