ئینتماى نەتەوەیی..
PM:04:14:16/01/2026
584 جار خوێندراوەتەوە
د. عومەر عەلی
+
-
لە تۆفیق وەهبییەوە بۆ مامۆستا
ئاینییەکەى سلێمانى (جولانى و حوسەرى) وەک نموونە ئەمڕۆ دوو هەواڵی جیاواز، دوو
دیرۆکى جیا، یەکێکییان لە سلێمانى و ئەویتریان لە کەلار، تەواوى سۆشیال میدیاى
تەنیوە. لە گەڕەکى ڕاپەڕینى شارى سلێمانى مامۆستایەکى ئاینى لە وتارى هەینى هێرشی
توندى کردۆتە سەر شەڕەڤانانى حەلەب و بەکافرو لەدەرەوەى دائیرەى دین نێوزەدى
کردوون، خەڵکى ئازاى سلێمانیش لێیان قبوڵ نەرکردووە و لەوتاردان وەستاندوویانە.
هاوکات مامۆستایەکى ئاینى لە کەلار نوێژى مردووى بۆ شەهیدانى شێخ مەقسوود و
ئەشرەفییە ئەنجامداوە لەگەڵ نوێژخوێنە بەڕێزەکان. من
لەو بڕوایەدام دواى نەمانى ئینتماى نیشتمانى و نزیکبوونەوەى لە ئاستى سفر لە
باشوورى کوردستان، خۆشبەختانە لە ئێستادا خەڵکى هۆشیاریی بەرانبەر بە نەتەوەکەى
خۆی هەیە و لەناو گەنج و جاحێلان و لەنێو قوتابخانەو باخچەکاندا منداڵەکانمان بە
باشی بەرانبەر بە نیشتمانەکەیان هۆشیار دەکرێنەوە. ئینتیما هەستێکی خودی رەسەنە لە
تاکدا، پەیبردن بەم هەستە و نەشونماکردنى پەیوەستە بە تێکەڵبوون و کارلێککردنى تاک
بە گروپ و کۆمەڵگاوە، کە بەهۆیەوە بۆی دەردەکەوێت، ئەو بەشێکە لەو نیشتمانەی
تیایدا لە دایکبووە. لە بەرچەکردارى ئەم بوژانەوە نیشتمانییە و نیشتمانسازییەدا،
گروپێک وەک هەمیشە لەنێو کوردان هەبووە و هەیە کە دژى نیشتمانى خۆیان دەوەستنەوە،
لە ئێستادا ئەم گروپە لە خەڵک بە ئەکاونتى ساختە و بە کۆمێنتى نەشیاو لەدژى
کوردبوون دەوەستنەوە و سوکایەتى بە خەباتى نیشتمانى کورد دەکەن، بەناوى بەرگریکردن
لە ئاین.منەوەرى کورد (تۆفیق وەهبی) لە
تۆمارێکى دەنگیدا، دەڵێت: (قاموسم بۆ زمانی كوردی دروست كرد ئینگلیزەكان پییان
گوتم تۆ خەریكی كارێكی زۆر گەورەیت ، پێم وابوو یەكێك لە بنەماكانی نەتەوە –زمانە
و- دەبێت پارێزگاریی لێبكرێت و بمێنێتەوە. بەڵام لە لایەن ژمارەیەك لە مەلاكانەوە
هێرشی كراوەیە سەرم و بە پیاوی ماسۆنیەت لەقەڵەمیان دام). چونک لەو کاتەدا
نەتەوەپەرستێکى وەکو ساتیع حوسەرى كە هەموو كارێكی مەعاریفی بەدەست بووە، ناڕازیی
بووە لەبەرامبەر بەكارهێنانی پیتی لاتینی دا و پێی وابووە كە دەبێت پیتی عەرەبی
بەكاربهێنرێت بۆ ئەوەی بەردەوام كورد لەژێر هەژموونی رۆشنبیریی عەرەبیدا
بمێنیێتەوە.حوسری دوای ئەوەی لە بەردەم هەوڵ و پێداگریی وەهبیدا شکست دههێنێت،
پەنا بۆ کارتی دین دەبات بۆ شکستپێهێنانی پرۆژەکەی وەهبی. لە یاداوەرییەکەیدا
دەڵێت نامەیەکم بۆ زۆربەی شێخ و مەلا کاریگەرەکانی کورد نارد و لەنامەکەدا نوسیم
کە تۆفیق وەهبی دژە دین و ماسۆنییە و دەیەوێت ئەلفوبێی قورئان بگۆڕێت بە ئەلفوبێی
کافران و کورد لە ئیسلام داببڕێت. هەروەها حوسری دەڵێت: ( لە خوتبەی جومعەدا
زۆربەی مەلاکان پەیامەکەی منیان گەیاند و هێرشیان کردە سەر وەهبی و وەک کافر و ماسۆنی
و دژە دین کەدەیەوێت کورد لە دین وەربگێڕێت وەسفییان کرد و نامەشییان بۆ وەزیر
نارد کە کورد ئەلف و بێی لاتینی ناوێت. ناچار وەهبی پاشەکشەی کرد و ئەلفوبێی
عەرەبی بۆ کتێبە مەنهەجییەکانی کوردی سەپێنر). کێشەکە
جۆلانى و حوسەریی نییە، بەڵکو کێشەکە هەندێک لەو مەلا و بانگخواز و شێخ و
ئاینپەروەرانەى ئەوسا و ئێستایە کەهیچ کات نەیانتوانییەوە لە چوارچێوەى کارى
ئاینیدا پرۆژەى نیشتمانسازى و کوردبوون سەرپێبخەن و بیناى بکەن، ئەوان بەجۆرێکى
ترسنام لە کوردبوون دابڕاوون و پێیان وایە گەر بەرگریی لە کوردبوون بکەن ئەوا
دەمودەست کافر دەبن، بۆیە هەمیشە نەتوەیان خستۆتە خزمەتى نەک ئاینەوە بەڵکو
کۆمەڵێک تیرۆریست و شۆڤێنىیەوە. ئەوان هەموو بەرخودان و خەباتێکى رەواى دۆزى
نەتوەى بە دەرچوون لە دایرەى دین دەبیننین و خۆشێیان چڵکاوخۆرى مخابەراتى وڵاتانى
ئیقلیمین.