سەردێڕ:

سەرۆکی یەکێک لە مەترسیدارترین گروپی مافیا نێودەوڵەتییەکان لە سلێمانی دەستگیرکرا

PM:08:41:13/01/2026

9712 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی، سەرکردەکانی تۆڕی "فۆکسترۆت" کە یەکێکە لە مەترسیدارترین مافیاکانی جیهان دەستگیر کران.


ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانیی عێراق، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری و بەدواداچوونی چڕ لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ئەنجامدراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەکە بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ ناوەندی نیشتیمانی بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی و دەسەڵاتە ئەمنییەکان لە پارێزگای سلێمانی جێبەجێ کراوە، دەستگیرکردنی تۆمەتباران بە شێوەیەکی هاوکات لە چەند پارێزگایەکی جیاوازدا بووە، ئەوەش دوای ئەوەی ئاشکرا بوو کە ئەم تۆڕە نێودەوڵەتییە دەیویست خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان وەک بنکەیەک بۆ دەستپێکردنی کارە تاوانکارییەکانی بەکاربهێنێت.

پێشتر میدیای سوید و ئەوروپا بڵاویان کردەوە، حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی هەماهەنگییەکی هاوبەشدا لەگەڵ وڵاتی سوید، داواکراوێکی نێودەوڵەتیی مەترسیداری دەستگیر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو کەسە ناوی "عەلی شەهاب"ـە و تەمەنی ٢١ ساڵە، رەگەزنامەی سویدی هەیە و یەکێکە لە ئەندامە دیار و سەرەکییەکانی تۆڕی تاوانکاریی "فۆکسترۆت"، ناوبراو لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیر کراوە.

تۆڕی "فۆکسترۆت" (Foxtrot) وەک رێکخراوێکی تاوانکاریی نێودەوڵەتی دەناسرێت کە لە سوید سەری هەڵداوە و پەرەی سەندووە تا بووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین ئەو گرووپانەی تێوەگلاون لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، قاچاخچێتیی چەک.













گەلەری