تارمایى رێککەوتنە مەترسیدارەکە کێیە و
دەست بۆ چى دەبات؟
PM:09:02:10/01/2026
768 جار خوێندراوەتەوە
خالید عەبدولکەریم
+
-
هێرشەکانى سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفییە کە ئێستا بۆتە ڕوداوێکى گەرمى
کوردستانى گەورە و ناوچەکەش، تەنها پلانێک بۆ داگیرکردن و هەژمونکردنى سوپاى سوریاى
نوێ بەسەرۆکایەتى شەرع نیە بۆ ئەو ناوچانە و هەروەها جێبەجێ کردنى ڕێکەوتنى ١٠ى
ئازاریش نیە وەکخۆى، بەڵکو پلانەکە لەوە گشتگیرترە و جۆرێکە لەگۆڕانى دیدو بۆچونى
سیاسەتى ئەمەریکا بەرامبەر ئەزمونى خۆبەڕێوەبەرى لەڕۆژئاواى کوردستان، ئەوەش وەک
کردنەوەى دەرگایەک بۆ هاوپەیمانێتیەکى نوێ لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل و ئەحمەد شەرع، بۆ دابڕانى تەواوەتى سوریا و لوبنان لەئێران و
نەهێشتنى ئەزمونى کورد وەک مەترسى لەسەر ئەردۆغان کە مەبەستیەتى لەباکورى فورات
دوورى بخاتەوە، لەپشت ئەم هاوکێشە نوێیەوە، ئەمەریکا دەیەوێت پەیوەندییەکانى تورکیا
و ئیسرائیل ئاسایى بکاتەوە و دۆخەکە بۆ ئەگەرى نوێ ناوچەکە و داڕشتنەوەى نەخشەیەکى
ئامادەکراو ساز بکات!
کێ ئەم سیاسەتە جێبەجێ دەکات..؟
لەئێستادا تۆم باراک ڕۆڵى سەرەکى دەگێڕێت لەپشتەوەى ڕوداوەکانەوە وەستاوە، ئەو کەسایەتیەکى مشتومڕاویە و زۆرترین قسەى لەسەرە
کە وەک ملیاردێرێکى ئەمەریکى کە ڕاوێژکارى دۆناڵد ترەمپە، لەساڵى پارەوە وەکو باڵێوزى
ئەمەریکا لەتورکیا و نێردەى سەرۆک لەسوریا دەستنیشانکراوە، ئەمە هێندەى تر کەوتۆتە
ژێر کاریگەرییەکان کە ڕؤلە سەرەکیەکەى خۆیشى بۆ ئەمەریکا تەواو بکات کە گرێبەستە لەبەرامبەر
هەر ڕێکەوتنێکدا.
باراک دەیەوێت لەڕێگەى سوریایەکى یەکگرتووەوە کە خاوەن یەک هێزبێت
داواکارییەکانى ئەردۆغان و ئیسرائیل بەسەرپەرشتى ئەحمەد شەرع جێبەجێ بکات، هەروەها
بڕواى "بەتێکەڵ کردن" هەیە نەک" هاوپەیمانێتى یان هاوبەشى
کردن"ى کورد لەسوریاى نوێ دا، لەگەڵ
چەند تایبەتمەندیەک و پاراستنى هەندێ دەسەڵاتى خۆجێى سنورداردا، باراک پێیوایە لەو
ڕێگەیەوە، کە هێزەکانى هەسەدە تێکەڵ بەسوپاى سوریا بکرێن و لەفەیلەقێکدا جێگربکرێن
ئەوا سەقامگیرى بۆ سنورەکانى تورکیا فەراهەم دەکرێت لەڕێگەى شارى حەلەبەوە، هەر بۆیە
لەگەڵ دەستپێکردنەوەى هێرشەکاندا بۆ سەر گەڕەکەکانى شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، تەنها
پێشوازى لەئاگربەستکرد بۆ چوونە دەرەوەى شەڕڤانانى کورد لەو ناوچەیە نەک ئیدانە
کردن، ئەمەش یەکەم ئامانجى کەمکردنەوەى هەژموونى بەڕێوەبەرى خۆسەر دەستپێدەکات تا
کایەکانى تر تر دەگرێتەوە بەپێى ڕێکەوتنە نوێیە مەترسیدارەکە.
لەگەڵ دەستپێکى ئەو دۆخە نوێیەدا هەندێ لەچالاک و سیاسى و نوسەرانى
کورد داواى ڕاگەیاندنى کەمپەینێک دەکەن لەدژى باراک دەکەن و پێیانوایە ئەمە لەگەڵ
سیاسەتى نوێى ئەمەریکا بەرامبەر بەکورد لەڕۆژئاوا کە ترسیان پیشانداوە بۆ پارچەکانى
دیکەش ئەم دۆخە نوێیە بگوازرێتەوە یەکناگرێتەوە، ئەمەریکا بێهێنرێتە سەر خەت و لۆبى
لەدژى باراک دروستبکرێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئەمەى ئێستا باراک دەیکات سیاسەتى
نوێى ترەمپ نیە؟
کێ لەئەمەریکا دژە و بۆچى ئەمەریکا دەیەوێت ئەم سیاسەتە نوێیە تاقى
بکاتەوە؟
باراک متمانەپێکراوى ترەمپ و تیمەکەیەتى" کە ئێستا هەوڵدەدات لەڕێگەى
"گرێبەستە گەورەکانەوە" کۆتایى بەچەند دۆسییەک لەسوریا بهێنێت، ئەویش پێکهێنانى دەرکردنى تەواوەتى ئێرانە لەناوچەکە، ئاسایى
بوونەوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، جێگیرکردنى ڕەژیمى نوێى سوریا بەسەرپەرشتى
پیاوێکى لاوازى وەکو ئەحمەد شەرع کە دروستکراوى ناو لێفەى خودى ئەمەریکایە بۆ ڕۆژگارێکى
وەکو ئەمڕۆ، بۆ جێگرکردنى ئەم سیاسەتەشى، دەیەوێت لەداواکارییەکانى ئەرۆدغانەوە دەستپێبکات،
باراک دەیەوێت کورد لەقڕکردن بپارێزێت، بەڵام بەجدى و کاربۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەزموونى
فیدراڵى(خۆبەڕێوەبەرى) دەکات، چونکە ئیدارەى نوێى ئەمەریکا پێیوایە ئەزموونى فیدراڵى
لەسوریا و عێراق بۆ کورد سەرکەوتوو نەبووە،بەردەوام کۆمەڵێک سەرئێشەى بۆ ئەمەریکا و ناوچەکەش دروستکردووە، هەربۆیە ئێستا
دەیەوێت نەخشەکە لەخۆبەڕێوەبەرییەوە بگۆڕێت بۆ ئیدارەدانى شارەوانیەکان و تێکەڵکردنى
بەسوریایەکى نوێ، بۆ ئەم مەبەستەش هەسەدە و کورد بەبەشێک لەبەربەست دەبینیتێت، دەیەوێت
ڕۆڵى بەتەواوەتى سنوردار بکات نەک دژایەتى هەمیشەیى، یان لەسەرەتادا ئەو پلانە دەخاتە
بوارى تاقى کردنەوە و نازانرێت لە چ هەنگاوێکیدا دەوستێت یان دەوەستێنرێت؟!
کێ دژى ئەم سیاسەتەیە لەئەمەریکا؟
گروپێکى کەم لەدامەزراوە جێبەجێکارەکان کە ئێستا لەئەمەریکا دا
ناتوانن لۆبى بەرامبەر ئیدارەکەى ترەمپدروستبکەن، بەتایبەتى پنتاگۆن و وەزارەتى دەرەوە و ژمارەیەک لەسیناتۆر کە نیگەرانن
لەلاوازکردنى ڕۆلى کورد و ترسیان لەبەهێزبونەوەى داعش لەو ناوچانە هەیە، بەڵام سیاسەتى
زاڵ ئەوەیە لەڕێگەى پێکهێنانى هاوپەیمانى نوێى نێوان( تورکیا، ئیسرائیل، شەرع) قەرەبووى
هەموو شتێک بکرێتەوە و ئەو هاوپەیمانیتیەش گرەوى لەسەر سەرى کورد کردووە و بۆ جێبە
جێ کردنى بەلاى باراکەوە اساییە بیکاتە قوربانى.
بۆیە لەئەگەرى دروستکردنى هەر جۆرە لۆبییەک، گەرەنتى هیچ جۆرە گۆڕانکاریەک
لەو هاوکێشەیەدا نیە، مەگەر ڕوداوێکى نەخوازراوى بەهێزى ڕووسى و ئەوروپى بەهێز لەناوچەکە
بێتە کایەوە ئەو پلانە ڕابگرێت، ئەگینا لەئێستا ئەمەریکا دەیەوێت وەکو خۆى جێبەجێ
بکرێت، یان چەند هەنگاوێکى تاقى بکاتەوە لەسەرەتادا.
ئێستا کە باراک پیاوى ڕێکەوتنە مەترسیدار و شەیتانیەکانى ئەمەریکایە لەناوچەکە
وەکو مەترسیەک بۆ سەر کورد و ئەزمونەکانى لە سوریا و تەنانەت لە عێراق و بۆ دواڕۆژى
کوردیش لەناوچەکە دەبینێرێت، ئەمەش ڕاستیەکى تێدایە، چونکە باراک دژى بەڵقەنەکردنى
ناوچەکەیە، واتا دابەشکردنى دەوڵەتى سەنتەر بۆ هەرێم یاخود خۆسەرى بچوک بچوک و سەربەخۆ
و خاوەن چەند جیاوازیەکى پڕبایەخ هاوشێوەى ئەزمونەکەى هەسەدە.
باراک پێیشوایە هاوپەیمانێتى لەگەڵ "هەسەدە" تەنها تاکتیکى
و کاتى بووە بۆ شەڕى داعش و کاتەکەى بەسەر چووە و و ئێستا کاتى گرێبەستە گەورەکەیە
لەگەڵ تورکیا و ئیسرائیل و سوریا.
بەدەستپێکى هێرشەکان بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە کوردیەو و بێدەنگى نێودەوڵەتى
و دەرکەوتنى هەندێ ئاماژەى دیکەى ناوچەى، ئەوەئاشکرابوو کە تۆم باراک دەیەوێت ڕێکەوتنى
١٠ى ئازار وەکو خۆى جێبەجێ بکرێت، واتا لەڕووى سەربازییەوە تێکەڵکردن نەک
"هاوپەیمانێتى" لەسوریا بچەسپێت
و ستراتیژیەتى یەک چەک و یەک ئاڵا و گۆڕینى هەسەدە بۆ فەیلەقى پێنجەم بێتە کایەوە،
تەنها هەندێک تایبەتمەندێتى ناوخۆى کورد بپارزێرێت، وەکو بوونى شارەوانیەکان و ڕاستەوخۆ
بەستنەوەیان بەوەزارەتى ناوخۆى سوریاوە و هەروەها ڕادەستکردنى کێڵگە نەوتیەکان و گەڕانەوەیەکى
پشکێکى کەمى دارایى بۆ شارەکان ئەوەش بۆ کەرتى خزمەتگوزارى لەوانە ( تەندروستى و پەروەردەیى
و شارەوانى).
لەبەرامبەر دۆخێکى لەو شێوەیەدا، کە مەترسى وجودى بۆ کورد دروستدەکات
و دەستکەوتەکانى دەخاتە بەردەم سڕینەوە و لەناوبردن یاخود بەکارتۆنى کردنى ئەزمونەکەى،
بەڕاى شارەزایانى ڕوداوەکانى ڕۆژئاواى کوردستان و سوریا، دوو بۆچونى جیاواز و دژ بەیەک
لەناو هەسەدەدا هاتۆتە ئاراوە، یەکەمیان کە باڵى هەڵۆکانى پێدەڵێن، پێانوایە تەنها
بەرەنگاربونەوە و بەرگرى لەدەستکەوتەکان چارەسەرە، ئەم باڵە پێوایە ئەو بەڵێنە کەمەى
کە باراک بەکورد داویەتى، بەڵێنى سەرکاغەزە و پێدەچێت ئەوەش جێبەجێ نەکرێت بەتایبەت
لەگەڵ گۆڕینى هەر هەڵوێستێکى ئەردۆغاندا.
بەڕاى باڵێکى تر کە واقعیبنیان پێدەوترێت لەناو هەسەدە، پێیانوایە هەر
جۆرە بەرەنگاربونەوە و فراوانکردنى شەڕەکە خۆکوژییە، بۆیە دەڵێن با ئەم دۆخە قەبوڵبکەین
و ڕێکەوتنى ١٠ ئازار بەکەمێک دەستکارییەوە جێبەجێ بکەین، واتا ڕەزامەندى بەتێکەڵ
کردنى سەربازى لەناو سوپاى سوریادا وگەرەنتى نوسراو لەباراک بۆ پاراستنى ناسنامە و
کەلتور و زمانى کورى، ئەم باڵە پێوایە، هاوکێشەى نێودەوڵەتى و ناوچەى لەدژى کورد لەسوریا
هاتۆتە ئاراوە، دڵنیا نین لەنەگۆڕینى هەڵوێستى عەرەب و پێکهاتەکانى دیکەى ناو هەسەدە
و عەشایەرە عەرەبەکانى تر، هەروەها ترسیان لە پەرتبوونى ناوخۆیى هەیە، بۆیە جێبەجێ
کردنى ڕێکەوتنەکەیان بەلاوە پەسەندە.
ئەم گروپە پێیانوایە، گەر شەڕەکە فراوانبێت، ئەمەریکا بەفەرمى دەست لەپشتیوانى
کردنیان هەڵبگرێت، ئاسمانەکان بۆ تورکیا و شەرع بەسەریاندا بکرێنەوە و بەوەش مەترسى
گەورەتر بێتە کایەوە هاوشێوەى ساڵانى ڕابردوو لەعەفرین و چەند ناوچەیەکى تر کە ڕوویدا.
باراک و یارى بەئاگر و کات!
یەکێک لەو مەترسیانەى کە باراک یارى لەسەر دەکات، ئەویش ستراتیژیەتى
کاتە، نایەوێت بەڕاستەوخۆى هێرشى فراوانى سوپاى سوریا بکرێتە سەر هەسەدە بەڵکو بەشێوەی
دروستکردنى ناوچەیى ناچارى بەواژۆکردنى ڕێکەوتنەکەى لەگەڵ ئەحمەد شەرع دا بکات،
باراک پێیوایە گەر بێتوو هەسەدە زیاتر بەرگرى بکات و شەڕەکە فراوان بکات، ئەوکات پەنا
دەباتە بەر گەمارۆى ئابوورى بەشێوازى جیاجیا دەگاتە ئاستى هەڕەسهێنانى چەند کەرتێک
بۆ ئەوەى گرفت بۆ بەڕێوەبەرى سەربازى لەڕۆژئاواى کوردستان دروستبکات، شەرع گەڕان بەدواى
شەرعیەتدا!
بەهۆى ئەوەى ئەحمەد شەرع بەدواى شەرعیەتێکى نێودەوڵەتیدا دەگەڕێت،
سازشى تەواو بۆ ئیسرائیل دەکات بۆ بەدەستهێنانى ئەو شەرعیەتە، ئەم دۆخە نوێەش بەدەرفەتێکى
باش دەزانێت، ئیسرائیل لە ئێستادا ئەولەویەتی ئاسایشی نەتەوەیی لەناوچەکەدا لەلاى
بریتییە لە "سەقامگیریی سوریا" لەژێر دەسەڵاتێکدا کە پاشکۆی ئێران نەبێت
و نایەوێت "کانتۆنی" ناجێگیر ببینێت کە دواتر ببنە مەیدانی ململانێی درێژخایەن،
کە ئەزمونەکەش قەبوڵکراوبێت لەلایەن گەلەکەیەوە هاوشێوە ى ڕۆژئاوا هێندەى تر بەمەترسى
دەزانێت هاوشێوەى لەناوچەکەدا دروستبێت، لەم دۆخەدا کە دەیەوێت چارەنووسى لەگەڵ ئێراندا
لەداهاتوویەکى نزیکدا دیارى بکات، ڕێککەوتن لەگەڵ "پیاوێکی بێ هێز" لە دیمەشق
(ئەحمەد شەراع) بە باشتر دەزانێت؛ ئەمەش بەتەواوی لەگەڵ دیدگای تۆم باراکدا دەگونجێت
بۆ هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی "بەڕێوەبەریی خۆسەر".
سەرکەوتن بۆ کێیە؟
ئەزمونى خۆبەڕێوەبەرى ڕۆژئاواى کوردستان، کە نمونەیەکە چەندین ساڵە سەرەنجى
زلهێزەکانى وڵاتانى دونیاى ڕاکێشاوە، پێناچێت بەپلانەکەى باراک و بەجێگیرکردنى ڕێکەوتنى
گرێبەستە گەورەکان لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل و شەرع لەناوبچێت، بەهۆى ئەوەى ئەو ئەزمونە
لەناوەوە، بنەماکانى بەرگرى کردنى تێدا چەسپاوە، قوربانیدان وەک ڕەگەزێکى سەرەکى خەبات
و تێکۆشانى چینەکان بۆ مانەوە بەئەرک دەزانرێت، ئەمەش زۆرجار ڕاى نێودەوڵەتى گۆڕیووە
و بەوهۆیەشەوە دەستکارى هاوکێشە گەورە سیاسیەکانى بۆ کراوە، یەکێک لەئەگەرە کراوەکان،
بەشێک لەشرۆڤەکاران پێیوانوایە، پاشەکشە کردن بەسوپاکەى شەرع، گۆڕینى چەند هاوکێشەیەکى
ناوچەیى، ئەمەریکا و باراک ناچار دەکات،ڕێکەوتنى ١٠ ئازار بەگۆڕانکارییەوە پەسەند
بکرێت و دۆخەکە بگەڕێتەوە چەند هەفتەى ڕابردوو گەر بەتەواویش نەبێت.