سەردێڕ:

زەنگێکی مەترسیدار

PM:12:16:03/11/2025
524 جار خوێندراوەتەوە
فەرمان محەمەد
+ -

دیموکراسی لە ژێر هەڕەشەدا؛ کاتێک دەنگە ئازادەکان بێدەنگ دەکرێن

کوشتنی دیموکراسی و پێشێلکردنی ئازادیی بەبەرچاوی جیهاندا

زەنگێکی مەترسیدار؛ بانگەوازێک بۆ ویژدانە بەئاگا و نەسرەوتووەکان!

لەکاتێکدا چاوەڕێی هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی دەکەین، گۆڕەپانی سیاسی گەرمبووە و دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە ململانێیەکی بەردەوامدان، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییەکی قووڵی هاووڵاتییانە، شێوازی مامەڵەکردنی دەستەڵاتە لە "زۆنی سەوز" دەستەڵاتێک، کە بەردەوام لەسەر پیرۆزیی دیموکراسی زماندرێژیی دەکات و لایەنەکانی دیکە بە خنکێنەری ئازادی تۆمەتبار دەکات، ئا ئەوەتا ئێستا چەندان سەرۆکی حزبی ئۆپۆزسیۆن بەتۆمەتی بێبنەما و دوور لە هەموو پرنسیپەکانی ئازادی و دیموکراسی خستووەتە کونجی زیندانەوە! کارەساتەکە قووڵتر دەبێت، کاتێک تەنانەت ڕێگە نادرێت سەرۆکی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆن، وەک نوێنەرێکی ڕاستەقینەی خەڵک، لە زیندانەوە پەیام و وتارێک پێشکەش بکات.

ئەم کارانە نەک تەنیا پێشێلکردنی یاسا و مافەکانی مرۆڤن، بەڵکوو گورزێکیش لە پرۆسەی دیموکراسی و پێکەوەژیانی سیاسی دەدەن. ئەمە گۆڕهەڵکەندنی بنەماکانی مافی ڕادەربڕین و ئازادیی سیاسییە، چۆن دەتوانین باسی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکەین، کاتێک دەنگە جیاوازەکان خنکێنراون و ڕێگەیان پێنادرێت بە ئازادی هەڵمەتی هەڵبژاردن بکەن؟ ئەوە لەکاتێکدا خۆیان دەڵێن: ((هەولێر جادەی پانوبەرینی بۆ چییە، کاتێک ئازادی لێ نەبێت؟))

بەڵام ئەم خۆسەپاندن، هەڵکوتانەسەر، تیرۆرکردن و دەرگە بەستنی ڕاگەیاندن، ئەم درووشمەی خۆیان پێچەوانە ناکاتەوە؟ بێگومان ئەمە وەڵامەکەی لەلای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە.

ئەم کردارە، پێچەوانەی هەموو بنەماکانی دیموکراسی ڕاستەقینەیە، پێچەوانەی دروشمە بریقەدارەکانی خۆیانە و بە تەواوی دژ بەو قسانەیە، کە ڕۆژانە بە فیز و فیشاڵ باسی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ دەکەن، ئایا ئەمەیە ئەو ئازادییەی، کە بانگەشەی بۆ دەکەن و خەباتیان لە پێناویدا کردووە؟ ئایا ئەمەیە ئایندەیەکی گەش و پڕشنگدار بۆ نەوەکانی داهاتوو؟

ئێمە خەباتمان بۆ ئەوە نەکرد، کە گەنجێکی پەپۆلیستێکی سیاسی، بە بێ ئاگایی یان بە ئەنقەست، مێژووی سەربەرزی شاری سلێمانی - شاری هەڵوێست و ئازادی، قەڵای ڕۆشنبیران و لانکەی شاعیران و پێشەنگی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان – بشێوێنێت. سلێمانی، شارێکە، کە هەمیشە چراخانێک بووە بۆ ڕووناکبیری و مەشخەڵێک بۆ ڕێگەی ئازادی و سەربەخۆیی.

لێرەوە، بانگەوازێکی بەپەلە ئاڕاستەی هەموو ویژدانە بەئاگە و نەسرەوتووەکان دەکەین:

بۆ لایەنە سیاسییەکان: با بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتمان بخەینە سەرووی هەموو شتێکەوە. با ڕێز لە فرەیی سیاسی بگرین و هەلی یەکسان بۆ هەمووان بڕەخسێنین. ڕێگە بە کەسانی خۆپەرست، هەڵپەرست و خۆسەپێنەر نەدەن دیموکراسی و قوربانی دانی خەڵک بکەنە قوربانیی حەزە سەرگەرم و کەسییەکانیان.

بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان: ئێوە چاودێر و پاسەوانی دیموکراسین. قەڵەمەکانتان بەکاربهێنن بۆ ڕووناککردنەوەی ڕاستییەکان و بەرگریکردن لە مافی هاووڵاتیان.

بۆ هاوڵاتیان: گەلە بوێر و شکۆبەرزی کوردستان، ڕۆشنبیران و ئازادیخوازانی هەموو شارەکان، بانگتان دەکەین! بێدەنگی لەم کاتەدا لێدانە لە مافەکانی خۆمان، داوای مافەکانتان بکەن و بەشداری کارا لە درووستکردنی داهاتوویەکی باشتردا بکەن دەنگتان بەرزبکەنەوە! نەک تەنیا لایەنگری حزبێک یان ئۆپۆزیسیۆنێک بن، بەڵکوو لایەنگری دەنگی ئازاد، ئازا و ویژدانە زیندووەکان بن. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە، هەر کەسێک کە بیەوێت ناوبانگی دیموکراسی و ئازادی کوردستان بخاتە ژێر پێ و دەنگی خەڵک قۆرخ بکات، دژی بوەستینەوە. ببنە دیوارێکی پۆڵاین لەبەردەم هەوڵەکانی چەوساندنەوە و سەرکوتکردن.

هێزی ئەمنی و حکوومی، کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەلەکەمانە، نابێت بۆ مەبەستی کەسی و ئارەزووی خۆسەپاندن و پاراستنی کورسی بەکار بهێندرێت، ئەم هێزانە قەڵغانی پاراستنی خەڵکن، نەک داری چەپۆک بۆ سەرکووتکردنی ئازادیخوازان.

با پێکەوە ببینە بەربەست لەبەردەم گەردەلوولی چەقبەستوویی و قەڵای ئازادی بپارێزین، با بە دەنگێکی بەرز بانگەواز بۆ دادپەروەری و یەکسانی بکەین.

با هەموومان بەیەکەوە ڕووبەڕووی ئەم نادادپەروەرییە ببینەوە و جارێکی تر، گیانی ئازادیخوازانەی سلێمانی و کوردستان زیندوو بکەینەوە، با ئەم ڕۆژانە، ببنە خاڵی وەرچەرخانێک بەرەو داهاتوویەکی ڕووناک، کە تێیدا ماف و ئازادییەکان پارێزراو بن و سەروەریی یاسا حوکمڕان بێت، چونکە ئایندەی وڵاتەکەمان لەسەر شانی هەموومانە.

گەلەری