سەردێڕ:

پاکستان: داوامان لە ترەمپ کرد مۆڵەتەکەی دوو هەفتە درێژ بکاتەوە

PM:10:49:07/04/2026

664 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی پاکستان دەڵێت، داوای لە سەرۆکی ئەمریکا کردووە کە مۆڵەتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە درێژ بکاتەوە، لە بەرامبەریشدا داوای لە تاران کرد وەک نیشانەی نیازپاکی بۆ هەمان ماوە گەرووی هورمز بکاتەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە ٧ـی نیسانی ٢٠٢٦، شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەسپێشخەرییەکی نوێی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران راگەیاند و بە فەرمی داوای لە هەریەکە لە ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران کرد، بۆ ماوەی دوو هەفتە هەنگاوی نیازپاکی بنێن تاوەکوو دەرفەت بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی بدەن.

ئاشکراشی کرد، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ جەنگەکە بە شێوەیەکی جێگیر و بەهێز بەرەو پێش دەچن و توانای ئەوەیان هەیە لە داهاتوویەکی نێزیکدا ئەنجامی راستەقینە بەدەست بهێنن.

هاوکات شەهباز شەریف لە پەیامەکەیدا داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد، کە ئەو مۆڵەتەی بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانە وزە و ستراتیژییەکان و پردەکان ئێران دیاری کردووە، بۆ ماوەی دوو هەفتە درێژ بکاتەوە؛ هەروەها داوای لە ئێران کردووە، وەک نیشانەیەک بۆ نیازپاکی، بۆ هەمان ماوەی دوو هەفتە گەرووی هورمز بکەنەوە.

جەختیشی کردەوە، پێویستە هەموو لایەک پابەندی ئاگربەستێکی گشتگیر بن بۆ ماوەی ئەو ١٤ رۆژە، تاوەکو دیپلۆماسییەت بتوانێت ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ گەیشتن بە کۆتاییهێنانێکی یەکلاکەرەوە بە جەنگ.













گەلەری