سەردێڕ:

لە لێواری جەنگەوە بۆ مێزی گفتوگۆ؛ وردەکاری بڕیارە چاوەڕواننەکراوەکەی ترەمپ بۆ ئێران

AM:01:54:08/04/2026

4920 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا، لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا و تەنیا چەند ساتێک پێش کۆتاییهاتنی مۆڵەتە مەترسیدارەکەی، راگرتنی سەرجەم هێرشە سەربازییەکانی بۆ ماوەی دوو هەفتە بۆ سەر ئێران راگەیاند.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ـی نیسانی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە، دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان و مارشاڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای ئەو وڵاتە، بڕیاری داوە بۆ ماوەی دوو هەفتە هێرشەکان ڕابگرێت، ئەم بڕیارە مەرجدار کراوە بە کردنەوەی "تەواوەتی، دەستبەجێ و بێ مەرجی" گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە.
دەشڵێت، ئەمە ئاگربەستێکی دوولایەنە دەبێت و بۆ ماوەی ١٤ رۆژ هیچ هێرش و بۆردومانێک ئەنجام نادرێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، پێشنیازێکی ١٠ خاڵییان لەلایەن تارانەوە بەدەستگەیشتووە و واشنتن وای دەبینێت کە بنەمایەکی باشە بۆ دانوستان و کۆتاییهێنان بە ململانێکان.
ئەوەشی خستەڕوو، زۆربەی خاڵە ناکۆکەکانی رابردوو لە نێوان ئەمریکا و ئێران چارەسەر کراون و ئەم دوو هەفتەیە بۆ ئەوەیە کە رێککەوتننامەی ئاشتیی درێژخایەن کۆتایی پێ بهێنرێت و واژۆ بکرێت.
سەرۆکی ئەمریکا جەختیشی کردەوە، هێزەکانیان سەرجەم ئامانجە سەربازییەکانی خۆیان پێکاوە و ئێستا کاتی دیپلۆماسییە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.












گەلەری