سەردێڕ:

سودانی و ماکرۆن تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و پاراستنی سەروەریی عێراقیان کرد

PM:11:03:25/03/2026

304 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی فەرەنسا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، جەختیان لەسەر گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە و پاراستنی ئاسایشی ئابووری و وزە لەسەر ئاستی جیهانی کردەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٥ـی ئازاری ٢٠٢٦، نوسینگەی سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوەم محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنساوە پێ گەیشت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە پەیوەندییەکەدا باس لە دوایین پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە کرا، بە تایبەت لێکەوتە مەترسیدارەکانی بەردەوامیی جەنگ لەسەر بازاڕەکانی وزە و ئابووریی هەرێمی و نێودەوڵەتی.

هاوکات سودانی جەختی لە پێویستیی چڕکردنەوەی هەماهەنگییەکان کردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەری ئاشتییانە، بە جۆرێک کە سەروەریی وڵاتان و ئاسایشی خاکەکەیان پارێزراو بێت.

دووپاتیشی کردەوە، عێراق پاڵپشتی هەموو دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان دەکات کە ئامانجیان راگرتنی ململانێکان و زامنکردنی سەلامەتیی هاتووچۆی دەریایی و ئاسمانییە.

هەروەها هەردوولا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەیان کرد کە دەکرێنە سەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق و بە کارێکی رەتکراوە و پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتییەکان وەسفیان کرد.

لای خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند، فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە مەبەستی راگرتنی جەنگ و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە.













گەلەری